ئێران لەبارەی عەفرینەوە هاتە دەنگ

كۆماری ئیسلامی ئێران داوا دەکات حکومەتی تورکیا كۆتایی بەو هێرشانە بهێنێت كە زیاتر لە دوو هەفتەیە بۆ سەر شاری عەفرینی رۆژئاوای كوردستان دەستی پێكردووە.


بەهرام قاسمی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، پێویستە توركیا كارەكانی ئێستای لە سوریا رابگرێت و رێزیش بگرێت لە سەروەری سوریا و یەكێتی خاكەكەی، هۆشداریشیدا لەوەی بەردەوامبوونی پەلامارەكانی توركیا بۆ سەر عەفرین "یارمەتیدەر دەبێت بۆ گەڕانەوەی تیرۆریستان بۆ ئەو ناوچانەی پێشتر رزگاركراون".

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران راشیگەیاند پێویستە توركیا بەردەوام بێت لە رێبازی دیالۆگەكانی ئەستانا و رێزگرتن لە بۆچوونی دیمەشق، كە پێشتر ناڕەزایی دژی پەلامارەكانی توركیا بۆ سەر عەفرین دەربڕی بوو.

ئەوەش لە کاتێکدایە لە 20ی كانوونی دووەمی 2018وە سوپای توركیا بە بەكارهێنانی هێزی ئاسمانی، زەمینی لەژێر ناوی ئۆپەراسیۆنی "چلی زەیتون" هێرشی بۆ سەر شاری عەفرین لە رۆژئاوای كوردستان دەستپێكرد و ژمارەیەك هاوڵاتی و شەڕڤان شەهید و برینداربوون و ژمارەیەک سەربازی سوپای تورکیا و چەکدارانی ئۆپۆزسیۆنی سوریا کوژراون و برینداربوون.



PM:10:40:05/02/2018