خاوەن مۆلیدە ئەهلیەكان ئاگادار دەكرێنەوە

دوابەدوای هۆشداریەكانی پارێزگار و قایمقامی سلێمانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی كارەبای سلێمانی ئاگاداریەك ئاڕاستەی خاوەن موەلیدە ئەهلییەكان دەكات و داوا دەكات "ئەمڕۆ كاتژمێر 2:30ی پاشنیوەڕۆ، كار بەموەلدەكانیان بكەنەوە".

لەئاگادارییەكەدا كە وێنەیەكی بۆ "سپی میدی" نێردراوە، بەڕێوەبەرایەتی گشتی كارەبای سلێمانی  رایدەگەیەنێت " كاتژمێر 5:00ی ئێوارە بەپێی بڕگەكانی 18-23ی ئەو گرێبەستەی واژۆیان كردووە، مەودای كارنەكردنیان دەگاتە ئەو ئاستەی كە مۆڵەتەكانیان هەڵبوەشێتەوە"‌.

دەقی ئاگاداریەكە:

ئاگادارییەك بۆ خاوەن موەلیدە ئەهلییەكانی ناو شاری سلێمانی

ئاگاداری خاوەن موەلیدەكانی ناو شاری سلێمانی دەكەینەوە، كە ئەمڕۆ كاتژمێر 2:30ی پاشنیوەڕۆ، كار بەموەلدەكانیان بكەنەوە و بەوپێیەی كاتژمێر 5:00ی ئێوارە بەپێی بڕگەكانی 18-23ی ئەو گرێبەستەی واژۆیان كردووە، مەودای كارنەكردنیان دەگاتە ئەو ئاستەی كە مۆڵەتەكانیان هەڵبوەشێتەوە.

بۆیە داوا لە خاوەن موەلیدەكان دەكەینەوە بەوپێیەی كە راسپێردراون بە خزمەتی گشتی (مكلف بالخدمە العامە) وە پێویستە گویڕایەڵی دەزگا پەیوەندارە حكومییەكان ببن و نەچینە ژێر كاریگەری هیچ دەستەو گروپێك و بەشێوەی ئاسایی خۆیان كاربكەن و موەلیدەكانیان ئیش پێبكەن و دڵنیاشیان دەكەین هەموو مافێكیان پارێزراو‌ دەبێت، بەپێچەوانەوە بەپێی یاسا مامەڵەیان لەگەڵ دەكرێت.

جارێكی دیكە دووپاتی دەكەینەوە مۆڵەتی موەلیدەی ئەهلی، مۆڵەتێكی حكومییە بۆ پێدانی كارەبا بە خاوەن موەلیدە دراوە، هەروەها شارەوانی شوێنی بۆ دابینكردون، بە خزمەتگوزاری ئاو و كارەباوە و تەنانەت بەخشراون لە دانی باجیش، بۆیە نابێت بۆ بەرژەوەندی تایبەت، خەڵك بێ كارەبا بكەن و مرفەقی گشتی پەكبخەن، كەئەوەش تاوان دروست دەكات، بەپێچەوانەوە مۆڵەتەكانیان لێوەردەگیرێتەوە و لە داهاتووشدا مۆڵەتی دانانی موەلیدەی پێنادرێت.

بەڕێوەبەرایەتی گشتی كارەبای سلێمانی



AM:11:08:06/02/2018