ئۆپەراسیۆنی سوپای عێراق دەستیپێكرد

لە بەرەبەیانی ئەمڕۆوە هێزەكانی حكومەتی عێراق ئۆپراسیۆنێكی بەرفراوانی لە سنووری نێوان قەزای دوزخورماتوو و قەزای كفری دەستپێكرد و پێشمەرگەش لە ئامادەباشیدایە.

ئۆپەراسیۆنی هێزە عیراقییەكان لەخورماتوو لەسەر شەقامی كفریەوە و بەرەو گوندەكانی غەڕِە و پەلكانە و زەمبور  بۆ لەناوبردنی ئەو هێزەی كە بە ئاڵا سپیەكە دەستیپێكردوە و لە ئۆپراسیۆنەكەشدا هەریەكە لە هێزی بەرپەرچدانەوە خێرا و لییواكانی سوپا و حەشدی شەعبی بەشدارن و لە لایەن هێزی ئاسمانیی عێراق و هاوپەیمانانەوە پشتیوانی دەكرێن.

بەگوێرەی زانیاریەكان تا ئێستا ڕووبەڕووبوونەوەیەكی ئەوتۆ لەو ناوچانە ڕووی نەداوە و هێزە عیراقیەكانیش بە پاڵپشتی فرۆكە جەنگیەكان بەردەوامن لە كێوماڵی ناوچەكە.

هاوكات هێزی پێشمەرگەش هەماهەنگی كردوە بۆ ئەو ئۆپەراسیۆنە و لەگوندەكانی باشتەپە و دوراجی و قەڵا لەسنوری ناحیەی زنانە جێگیركراون و لەئامادەباشیدان لە ئەگەری هەڵهاتنی ئەو چەكدارانە بەرەو ناوچە كوردیەكان.

لە ماوەی رابردوو لەدوای رووداوەكانی ١٦ی ئۆكتۆبەر، چەند گروپێكی جیاواز لەژێر ناوی خۆشەبەخش و ئاڵا سپییەكان و چەند ناوێكی تر دەركەوتن  و چەند جارێك شەڕ و ئاڵۆزی لەگەڵ هێزە ئەمنییەكانی عێراق روویداوە.



AM:10:18:07/02/2018