ئۆپەراسیۆنی هێزە عێراقیەكان كوژرا و برینداری لێكەوتەوە

ئۆپەراسیۆنی هێزە عێراقیەكان كە لە بەرەبەیانی ئەمڕۆوە دەستی پێكردوە كوژرا و برینداری لێكەوتەوە و پێشمەرگەش لە ئامادەباشیدایە.

لەئۆپەراسیۆنی هێزە عێراقیەكان كە لە ناوچەی نێوان خورماتوو كفری لە بەرەبەیانی ئەمڕۆوە دەستی پێكردووە شەڕێكی قورس بەڕێوە دەچێت و بەگوێرەی ئەو زانیاریانەی دەست "سپی میدیا" كەوتووە تا ئێستا شەش بۆمبی چێندراو بە هێزە عێراقیەكاندا تەقیوەتەوە و ژمارەیەك كوژراو و برینداریان هەیە.

هاوكات سەرچاوەیەكی ئەمنی ئاگادار بە "سپی میدیا"ی ڕاگەیاند ئەو هێزانەی ئۆپەراسیۆنیان لەدژ ئەنجام دەدرێت كە بە هێزی ئاڵا سپەكە ناسراون دانیشتوانی گوندی "قوڕوچاوی" كە گوندێكی كورد نشینە و دەكەوێتە خوار كفریەوە ئاگادار كردۆتەوە و داوایان لێكردوون ناوچەكە چۆڵ بكەن و ئەوان خۆیان بەرگری لەو گوندە و ناوچەكە دەكەن و ناهێڵن هێزە عێراقیەكان بچنە ئەو گوندەوە.

سەرچاوەكە ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد پێشمەرگە لە ئامادەباشیدایە تا بەر بە هاتنی هەر چەكدارێكی ئەو گرووپە بگرێت بۆ خاكی هەرێم، هەروەها لەئامادەباشی تەواویشدان تا لە هەر ئەگەرێكی چاوەڕوان نەكراودا ئەگەر سوپای عێراق بیەوێت پێشڕەوی بكات بۆ ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی پێشمەرگە پێشیان پێبگرن.

لە ئۆپراسیۆنی سوپای عێراقدا كە لە بەرەبەیانی ئەمڕۆوە دەستیپێكردووە هەریەكە لە هێزی بەرپەرچدانەوە خێرا و لیواكانی سوپا و حەشدی شەعبی بەشدارن و لە لایەن هێزی ئاسمانیی عێراق و هاوپەیمانانەوە پشتیوانی دەكرێن.

لە ماوەی رابردوو لەدوای رووداوەكانی ١٦ی ئۆكتۆبەر، چەند گروپێكی جیاواز لەژێر ناوی خۆشەبەخش و ئاڵا سپییەكان و چەند ناوێكی تر دەركەوتن  و چەند جارێك شەڕ و ئاڵۆزی لەگەڵ هێزە ئەمنییەكانی عێراق روویداوە.



AM:11:10:07/02/2018