خواردنگەیەك لە سلێمانی داخرا و قایمقامیەتش هۆكاری داخستنەكە و سەرپێچیەكانی كە ئەنجامیداوە ئاشكرا دەكات.
گۆران قادر، سەرۆكی لیژنە هاوبەشەكانی قائیمقامیەتی سلێمانی، دەڵێت "لەئەنجامی سەردان و پشكنینە بەردەوامەكانی لیژنە هاوبەشەكان، لەلایەن لیژنەی سێ-وە لە گەسی تاكسی دەست بەسەر بڕێكی زۆر خۆراكی خراپبوودا دەگرن".
گۆران قادر وتیشی: بەپێی ڕێنماییە تەندروستیەكان، پاش ماوەیەكی كەم لە دروستكردنی ئەوخۆراكە ماددانە پێویستە بەكاربهێنرێن و ناتوانرێت بۆ ماوەیەكی زۆر هەڵبگیرێت تەنانەت ئەگەر بەفرگەكانیش بەكاربهێنرێت.
ئەوەشی ئاشكراكرد لە گەسی تاكسی دەست بەسەر (5 كیلۆ مایۆنیز و 5 كیلۆ هەویری پیتزا و 5 كیلۆ باڵی مریشك و 5 كیلۆ زەیت و 3 كیلۆ هەویری فلافل)ی خراپبوودا گیراوە كە شیاوی خواردن و بەكارهێنان نین، لەگەڵ نەبوونی مۆڵەتی كاركردن.
گۆران قادر ئاماژەی بەئەوەشكرد، بەهۆی پابەند نەبوونی بەمەرجەكانی كاركردن و زۆری سەرپێچیەكانیەوە لیژنەی باڵای لیژنە هاوبەشەكانی قائیمقامیەتی سلێمانی، بڕیاری داخستنی شوێنەكە داوە و خاوەنەكەشی رووبەرووی یاسا دەكاتەوە، هەروەها سەرجەمی خۆراكە دەستبەسەردا گیراوەكە لەناودەبرێت.