یەپەگە: هەندێک یەکەی سەربازی سوریا لەسەر سنوری عفرین بەرامبەر تورکیا جێگیردەکرێن

گفتوگۆی نێوان سوریا و یەکینەکانی پاراستنی گەل پێشکەوتنی بەخۆوە دیووەو، بەپێی ئەو رێککەوتنە وەک فراتنیوز دەڵێت" هەندێک یەکەی سەربازی سوریا لە سەر سنوری عفرینەوە بەرامبەر تورکیا جێگیر دەکرێن".

فراتنیوز ئاژانسی نزیک کوردانی رۆژئاوا لە راپۆرتیكدا ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە چەند رۆژێکە گفتوگۆی  راستەوخۆ لەناوچەی حەلەب لەنێوان فەرماندە باڵاکانی یەپەگەو سووپای سوریادا ئەنجام دەدرێت، لە قۆناغی یەکەمدا بەهۆی دەستێوەردانی هەندێک لایەنی نێو دەوڵەتی وەک رووسیا نەچووە پێش و ئەو وڵاتە دەیویست رێگری دروست بکات، هەروەها لەو کۆبوونەوانەدا کێشەی تر هەبوو لەسەر دابەشبوونی یەکە سەربازییەکانی سوریا و، هەماهەنگی نێوان هەردوولا لە جەنگدا دژی ئەو ‌هێزانەی تورکیا پاڵپشتیان دەکات، هەروەها ئەو رێککەوتنە بەو ئاراستەیە بێت کە هەردوولا هەڵمەتێکی هاوبەش ئەنجام بدەن بۆ کۆنترۆڵکردنی ناوچەکانی باب و جەرابلس کە ئێستا لەژێر دەستی تورکیاو هاوپەیمانەکانیاندایە.

وەک فرات نیوز باسی دەکات رۆژی یەک شەممە گفتوگۆکە لەمپەری لەسەر دروستبوو، بەڵام لەکۆتایی کۆبوونەوەکە گەیشتنە رێککەوتن لەسەر جووڵەی هێزەکانی رژێمی سوریا و دروستکردنی بنکەیەک کە لێوەی بجوڵێن، وەک ئاژانسەکە جەختی لێدەکاتەوە یەکینەکانی پاراستنی گەل ئەو مەرجەیان سەپاندووەکە رێککەوتنە تەنها لایەنی سەربازی بگرێتەوە، بەبێ ئەوەی لایەنی سیاسی و ئیداری بخرێتە رێککەوتنەکەوە.

هەردوولا رێککەوتوون لەسەر ئەوەی کە نەهێڵرێت فڕۆکەکانی تورکیا بچنە سەر ئاسمانی عفرین.

ئاژانسی فرات نیوز ئەم راپۆرتەی لەسەر رێککەوتنی نێوان یەپەگە و سووپای سوریا بڵاوکردۆتەوە، بەبێ ئەوەی تا ئێستا هیچ سەرچاوەیەکی یەپەگە پشتڕاستی ئەو هەواڵە بکاتەوە.



PM:08:28:18/02/2018