ناوەڕۆکی ڕێککەوتنی نێوان کوردانی ڕۆژئاوا و حکومەتی سوریا ئاشکرادەکرێت

سوپای سوریا دەچێتە ناو عەفرینەوە و ووردەکاری ڕێککەوتنی کورد و حکومەتی سوریاش ئاشکرادەکرێت.


حزبی یەکێتی دیموکراتی کوردی لە سوریا رایدەگەیەنێت، ئەمڕۆ لەلایەن کانتۆنی خۆبەڕێوەبەری عەفرینەوە هەموو حزب و دامەزراوەکان ئاگادارکراونەتەوە، کە یەپەگە و سوپای سوریا گەیشتوونەتە رێککەوتن بۆ هاتنی سەربازەکانی سوریا بۆ ناو عەفرین.

لەراگەیەندراوێکی حزبی یەکێتی دیموکراتی کوردی لە سوریا کە وێنەیەکی بۆ "سپی میدیا" نێردراوە، باس لەوە کراوە کە سبەینێ دووشەممە سوپای سوریا دەچێتە ناو عەفرینەوەو لەچەند ناوچەیەکی دیارییکراو جێگیردەبن.

هاوکات ئاماژەیان بۆ ئەوەش کردوە کە سەربازانی سوپای سوریا، بەپێی پێویستی سەربازیی، هاوشانی شەڕڤانانی یەکینەکانی پاراستنی گەل، بڵاوەیان پێدەکرێت.

ئەو حزبە کوردییە کە هاوبەشی پەیەدەیە لە بەڕێوەبردنی کانتۆنی عەفرین لە رۆژئاوای کوردستان، باس لەوەش دەکات رێککەوتنەکەی نێوان یەپەگە و سوپای سوریا، بەشێوەیەکی بنەڕەتی بۆ ئەوەیە سوپای سوریا ئەرکی بەرگریی ئاسمانی عەفرین بگرێتە ئەستۆ و رێگریی بکات لە فڕۆکە جەنگییە تورکییەکان ئەو ناوچەیە بکاتە ئامانج.

بەپێی راگەیەندراوەکە "رێککەوتنەکە لایەنی سیاسیی و ئیداریی ناکرێتەوە، بەڵکو گفتوگۆکردن لەوبارەیەوە دواخراوە بۆ دوای ئاساییبوونەوەی دۆخی عەفرین،".



PM:09:34:18/02/2018