"فڕۆکەخانەکان سەرەتای مانگی سێ دەکرێنەوە"

کاوە محەمەد وادەی کردنەوەی فرۆکەخانەکانی کوردستان ئاشکرا دەکات و دەڵێت " بەپێی ئەو زانیاریانەی دەستمان کەوتوون سەرەتای مانگی ئازار فڕۆکەخانەکانی هەرێم بەرووی گەشتە ئاسمانییەکانی دەرەوەدا دەکرێتەوە".

کاوە محەمەد پەرلەمانتاری گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق، لە لێدوانێکدا بۆ سپی رایگەیاند" بەپێی زانیارییەکانی پێمانگەیشتووە سەرەتای مانگی ئازار فڕۆکەخانەکان دەکرێنەوەو تەنها مەسەلەی جێبەجێکردنی بڕیارەکە ماوە کە چەند رۆژێکی پێویستە".

پەرلەمانتارەکەی گۆڕان دەشڵێت" بەپێی رێککەوتنەکە بەغدا ئاگاداری هەموو وردەکارییەکان بە پێدانی ڤیزاشەوە دەبێت".

کاوە محەمەد ئاماژەی بۆ دەستوری عێراق کرد و وتی " بەپێی مادەی ١١٤ ی دەستور، دەبێت هەرێم و ناوەند پێکەوە فڕۆکەخانەکان بەهاوبەشی بەڕێوەبەرن، لەدوا کۆبوونەوەی هەرێم و بەغدا هەردوو رێککەوتوون هەردوو فڕۆکەخانەی سلێمانی و هەولێر بەهاوبەشی پێکەوە بەڕێوەبەرن".



PM:06:21:24/02/2018