چیک لەبارەی کۆچبەرانەوە بڕیاریدا

سەرۆك وەزیرنی چیك رایگەیاند لەمەودوا وڵاتەكەی ئەو سیستمەی كە یەكێتی ئەوروپا بۆ دابەشكردنی كۆچبەران بەسەر ئەندامەكانیدا پەیڕەوی دەكات جێبەجێ ناکات و هیچ کۆچبەرێک وەرناگرێت.

ئەندرێ بابیچ لەمیانی وتەیەكی لەبەردەم پەرلەمانی وڵاتەكەیدا رایگەیاند، "ئێمە پێشوازی لەكەس ناكەین، هەر بڕیارێكیش رەتدەكەینەوە سەبارەت بە سەپاندنی ئەو كەسانەی پێویستە لە وڵاتەكەماندا بژین و كار بكەن".

سەرۆك وەزیرانی چیك رەخنەشی لەسیستمی یەكێتی ئەوروپا بۆ دابەشكردنی كۆچبەران گرت و بە سیستمێكی بێ كاریگەر وەسفیكرد و پێیوابوو كۆمسیۆنی ئەوروپاش بڕیارێكی پوچی داوە سەبارەت بە پەنابردنە بەر دادگا بۆ یەكلاییكردنەوەی ناكۆكییەكەی لەگەڵ حكومەتی پراگ دەربارەی رەتكردنەوەی كۆچبەران.

لە مانگی كانوونی یەكەمی 2017 كۆمسیۆنی ئەوروپا سكاڵای لەدژی پۆڵەندا و هەنگاریا و چیك تۆماركرد، ئەویش بەهۆی ئەوەی پابەند نەبوون بە وەرگرتنی ئەو كۆچبەرانەی كە یەكێتی ئەوروپا بەسەر ئەندامەكانیدا دابەشی دەكات.



AM:09:03:02/03/2018