فراکسیۆنی گۆڕان داوایەک ئاڕاستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان دەکات

فراکسیۆنى گۆڕان لە پەرلەمانى کوردستان ڕایگەیاند، داوا دەکەن یاساى چاکسازى لە خانەنشینى موچە و دەرماڵە بگەڕێنریتەوە بۆ پەرلەمانى کوردستان.

ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە برزۆ مەجید، لە مەکۆى سەرەکى گۆڕان لە شارى سلێمانى لە کۆنگرەیەکى ڕۆژنامەنوسیدا وتى، لە کاتى گفتوگۆکردن لەسەر یاساى خانەنشینى، ڕاو بۆچونەکانمان "بەهەند وەرنەگیرا".

هەروەها وتیشى لەو ڕوانگەیەوە "لە ئێستادا بڕیارمان داوە ئەم داواکارییە ئاراستەى سەرۆکایەتى پەرلەمانى کوردستان بکەین، کە بەپێى یاساى دابەشکردنى دەسەڵاتەکانى سەرۆکى هەرێم ژمارە ٢ى ساڵى ٢٠١٧ دەسەلاتى واژۆکردنى یاساکان لاى ئێوەیە و داوادەکەین پرۆژە یاساکە بگەڕێننەوە بۆ هۆڵى پەرلەمان و بڕگەى تایبەت بە خانەنشینى پەرلەمانتار و پلە باڵاکان هەڵبوەشێننەوە و یاساى خانەنشینى یەکگرتووى عێراق ژمارە ٩ى ساڵى ٢٠١٤ بۆ گشت خانەنشینا بەرکار بکرێت".

ئاماژەى بۆ ئەوەشکردووە، بەپێچەوانەوە ئەوان ڕێکارى یاسایى و دەستوورى دەگرینەبەر.

٢٧ی مانگی ڕابردوو، پرۆژە یاسای چاکسازى لە خانەنشینی و موچە و دەرماڵە پەسەندکرا، کە ناڕەزایەتی بەدواى خۆیدا هێنا بەتایبەت ماددەى پەیوەست بە خانەنشینى پلە باڵاکان.



PM:06:42:03/03/2018