هۆشیار عەبدوڵا: بەمنزیكانە توڕەیی شەقامی كوردستانی دەتەقێتەوە

پەرلەمانتارێكی بزوتنەوەی گۆڕان لەئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق داوا لە كۆمەڵگای نێودەوڵەتی دەكات ڕۆڵی خۆی بگێڕێت و لەسەر دۆخی هەرێمی كوردستان بێتە سەرخەت و دەڵێت "چیتر گەلی كوردستان سەبرو ئارامی لەبەرامبەر بەڵێنە درۆكانی هەردوو حكومەتی بەغدا و هەولێر نەماوە"

هۆشیار عەبدوڵا، پەرلەمانتاری بزووتنەوەی گۆڕان لەئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لەبەیاننامەیەكدا كە ئەمڕۆ دوو شەمە (ی ئازار بڵاویكردۆتەوە، ڕایگەیاندووە "نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند كە پشكی هەرێم لەبودجەی 2018 بەشی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان ناكات و هاوكات حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانیش خۆی دزیوەتەوە لە جێبەجێكردنی بەرپرسیارێتیە ئیتیحادییەكانی بەرامبەر گەلی كوردستان و مەسەلەی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی وەك كارتێكی هەڵبژاردن بەكارهێناوە".

ئەو پەلەمانتارەی گۆڕان دەڵێت "هەربۆیە ئێستا كاتی ئەوەهاتووە كۆمەڵگای نێودەوڵەتی  ڕۆڵی خۆی بگێڕێت و لەسەر دۆخی هەرێم بێتەسەرخەت و (وەصایەی)ی نێودەوڵەتی بەسەر هەرێمدا بسەپێنێت، ئەویش بەهۆی پێشێلكردن و بەدینەهێنانی مافەكانی گەلەكەی كە كراوەتە قوربانی ململانێ سیاسییە دروستكراوەكانی نێوان هەردوو حكومەتی بەغدادو هەولێر".

ناوبراو  ئەوەشی ڕوونكردۆتەوە "بەدرێژایی ساڵانی ڕابوردوو بەبێ ئەوەی هیچ ئاسەوارێكی داهاتەكەی دیاربێت نەوت لەهەرێمی كوردستان بەقاچاخ فرۆشراوە و حكومەتەكەی عەبادیش بێدەنگی لێكردووە، تەنانەت عەبادی نەك هەربێدەنگ بووە لەوەی كەلە هەرێم  ڕوویداوە بەڵكو لەسەرحسابی هاوڵاتیەكانیشی كە هیچ دەسەڵاتێكیان نەبووە و بەهۆی سیستەمی پاشەكەوتی زۆرە ملێی موچەكانیانەوە لەنەهامەتیدا ژیاون، موجامەلەی دەسەڵاتدارانی هەرێمیشی كردووە".

هۆشیار عەبدوڵا ئەوەشدەخاتەڕوو "دوای ئەوەی نیچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێم بەشێوەیەكی ڕوون و ئاشكراو بێ پەردە ڕایگەیاند كە حكومەتەكەی ناتوانێت لەو پشكەی كە بۆ كوردستان لەبودجە دانراوە موچەی فەرمانبەران دابینبكات و ئەوەشی خستۆتە ڕوو كەوا ئەو پارەیە بەشی موچە ناكات، كەواتە هەموو ئەمانە بەمانای ئەوەدێن بەمنزیكانە توڕەیی شەقامی كوردستانی دەتەقێتەوە و چیتر خەڵك بەرگەی بەردەوامی دۆخێكی وەها ناگرێت، چونكە ئیتر گەلی كوردستان ناتوانێت لەمە زیاتر ئارام بگرێت و بەردەوام بێت بەتایبەت دوای ئەوەی سێ ساڵە بەڵێنی درۆی هەردوو حكومەتی بەغدا و هەولێر بەگوێ دا دەدرێت و بەدەستیانەوە دەناڵێنێت".



AM:11:18:05/03/2018