سوریا بەشێكی غوتەی ڕۆژهەڵاتی كۆنتڕۆڵكردەوە

ڕوانگەی سووری بۆ مافەكانی مرۆڤ ڕایگەیاند، سوپای بەشار ئەسەد، یەك لەسەر سێی غوتەی ڕۆژهەڵاتی كۆنتڕۆڵ كردەوە.
هاوكات میدیاكانی سەر بە حكومەتی سووریا، ڕایانگەیاند "هێزەكانمان چوونەتەوە ناو نزیكەی 36% ناوچەی غوتەی رۆژهەڵات".

هەروەها میدیا رووسییەكان بڵاویان كردووەتەوە، كە گرووپەكانی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا رەزامەندییان نیشان داوە رێگا بە هاووڵاتییانی مەدەنی بدەن لە ناوچەكە بچنە دەرەوە، بەرامبەر ناردنی خواردن و هاوكاریی مرۆیی بۆ چەكدارەكانیان.

غوتە لە سەرەتای شەڕی ناوخۆیی سووریاوە كەوتووەتە ژێر دەسەڵاتی گرووپە چەكدارییە توندڕەوەكانی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا و سوپای ئەسەدیش بەردەوام هێرشی كردۆتە سەر ئەو ناوچەیە بۆ كۆنتڕۆڵكردنەوەی.

 ئەوەش لەكاتێكدایە ڕۆژی ٢٤ی شوباتی ٢٠١٨ ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بە كۆی دەنگ ڕەزامەندی دەربڕی لەسەر پڕۆژە بڕیاری ڕاگەیاندنی ئاگربەست لە سووریا بۆ ماوەی ٣٠ ڕۆژ.

پڕۆژە بڕیارەكە داوا لە هەموو لایەنە ناكۆكەكانی شەڕ دەكات "دەستبەجێ" شەڕ و پێكدادان ڕابگرن، لانیكەم بۆ ماوەی ٣٠ ڕۆژ، هەروەها داوادەكات ڕێگە بدرێت بە نەتەوە یەكگرتووەكان و ڕێكخراوە مرۆییەكان یارمەتییەكانیان بگەیەننە ناوچە كارەساتبارەكان و بریندارەكان بگوازنەوە و گەمارۆ لەسەر  شارەكان هەڵبگیرێت، لە نێویاندا شاری غوتەی ڕۆژهەڵات.

ئەمریكا و زۆربەی دەوڵەتانی ئەوروپی داوایان لە ڕووسیا و ئێران كردووە كە فشار بخەنە سەر ڕژێمەكەی بەشار ئەسەد بۆ ئەوەی پابەندی ئاگربەست بێت، بەڵام هەتا ئێستا سوپای ئەسەد بەردەوامە لە بۆردومانی غوتە و پابەند نەبووە بە ئاگربەستەوە.

رژێمی سوریا  وێرای بڕیاری ئاگربەستی روسیا بۆ ماوەی پێنج كاتژمێر رۆژانە، بەردەوام هێرشی ئاسمانی كردووەتە سەر غوتەی رۆژهەڵات.

بەپێی ئامارەكانی بەرگری شارستانی لە غوتەی رۆژهەڵات، لە ئاكامی هێرشەكانی رژێمی ئەسەد و لایەنگرانی، لە ١٩ی مانگی رابردووە تا ٢ی ئەم مانگە، ٦٤٧ سڤیل كوژراون و دوو هەزار و ٢٧٨ هاوڵاتی مەدەنی برینداربوون.



PM:01:28:05/03/2018