بەغدا دەسەڵاتی دەرهێنان و فرۆشتنی نەوت لەهەرێم وەردەگرێتەوە

حكومەتی عیراق لەڕێگەی دەسەڵاتی بەرهەمهێنان و فرۆشتنی نەوت لەپارێزگاكان و هەرێمی كوردستان وەردەگرێتەوە، لیژنەی باڵای هەرێمی بۆ نەوت و وزەش نوسراوێكی بەپەلە ئاراستەی بەغدا دەكات.
 
د. تارق گەردی، ئەندامی لیژنەی نەوت و وزەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، بە  ماڵپەڕی تۆڕی هەواڵی سلێمانی ڕاگەیاندووە" ماوەی شەش مانگە یاسای كۆمپانیای نەوتی نیشتمانیی، لەئەنجومەنی نوێنەرانە، بۆئەوەی دەنگی لەسەر بدرێت، ئەمڕۆ 5ی 3ی 2018، خرایە دەنگدانەوەو پەسەندكرا، لەكاتێكدا ئەو یاسایە زیندوكردنەوەی یاسای كۆمپانیای نیشتمانیی ساڵی 1967ە، كە تاكلایەنە ئەو كۆمپانیایە دەستبەسەر هەموو كۆمپانیا نەوتییەكانی عیراقدا دەگرێت".

بەوتەی ئەو ئەندامەی لیژنەی نەوت و وزە، كۆمپانیاكە دەسەڵاتی لەسەرووی وەزارەتی نەوتیشەوە دەبێت، ئەوەش پێچەوانەی بڕگەی 2ی مادەی 112ی دەستوری عیراقە، كە تێیدا هاتووە "هەموو بیرە نەوتەكانی ئێستاو داهاتوو لەرووی دەرهێنان و بەرەوپێشبردن و بەرەهەمهێنان و فرۆشتن، لەگەڵ هەرێم و پارێزگاكان بەهەماهەنگی بكرێت، كەچی بەم یاسایە سەرجەم ئەو دەسەڵاتانە لە هەرێمی كوردستان و پارێزگاكانی عیراق وەردەگرێتەوە.

ئەو ماڵپەڕە ئاشكراشیكرد: چەند كەسانێكی دەستڕۆیشتوو لەپشت تێپەڕاندنی ئەم یاسایەن و دەیانەوێت ببنە دامەزرێنەری كۆمپانیاكە، لیژنەی باڵای هەرێمی بۆ نەوت و وزەش، نوسراوی فەرمی بۆ ئێمەو ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق ناردووە، كە بەو جۆرە تێنەپەڕێندرێت.

ئاماژە بەوەشدەكات، زۆر هەوڵیانداوە ڕێگری لەتێپەڕاندنی بكرێت بەڵام بێ سود بووە، دوو ئەندامی كوردیش لەلیژنەی نەوت و وزە بەشدارن لەخوێندنەوەی یاساكە.



PM:07:22:05/03/2018