فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی لەبارەی دەستپێكردنەوەی گەشتەكان ڕوونكردنەوە دەدات

فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی ڕەتیدەكاتەوە هیچ بڕیارێك هەبێت بۆ دەستپێكردنەوەی گەشتە نێودەوڵتیەكان و ڕایدەگەیەنێت "تەنها بڕیارێك لە دەسەڵاتی فڕۆكەوانی شارستانی عیراقییەوە هاتووە بە دەستپێكردنی گەشتی عومرە بۆ عومرەكاران".

بەشی پەیوەندییە گشتییەكان و ڕاگەیاندنی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی لە راگەیەندراوێكدا كە وێنەیەكی بۆ "سپی میدیا" نێردراوە رایگەیاندووە، سەبارەت بە دەنگۆی بڵاوبوونەوەی دەستپێكردنەوەی گەشتە دەرەكییەكان لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی، بە هەموو لایەكی ڕادەگەیەنن تەنها بڕیارێك لە دەسەڵاتی فڕۆكەوانی شارستانی عیراقییەوە هاتووە بە دەستپێكردنی گەشتی عومرە بۆ عومرەكاران.

بەپێی راگەیەندراوەكە، بۆ ئەو مەبەستە وا بڕیارە سبەێنێ یەكەمین گەشتی عومرە لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی راستەوخۆ بۆ وڵاتی سعودیە دەستپێبكات، جگە لەمە تائێستا هیچ بڕیارێكی تر نەگەیشتووەتە لایان بۆ گەشتەكانی دیكەی دەرەكی.

بە بڕیارێكی حەیدەر عەبادی، سەرۆك وەزیرانی عیراق، فڕۆكەخانەكانی هەرێمی كوردستان لە مانگی ئەیلولی 2017 بەڕووی گەشتە نێودەوڵەتییەكاندا داخران، ئەمەش لەبەرامبەر ئەنجامدانی ریفراندۆم لەلایەن حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە.



PM:01:25:06/03/2018