به‌رپرسی مه‌كته‌بی هه‌ڵبژاردنی پارتی دەڵێت، ناوی شه‌ست هه‌زار مردوو له لیستی تۆماری ده‌نگده‌رانی هه‌رێمی كوردستاندا هه‌یه.
خه‌سره‌و گۆران به‌رپرسی مه‌كته‌بی هه‌ڵبژاردنی پارتی بە دەنگی ئەمریکای راگەیاندووە، ئه‌و ناوه دووباره و نایاسایی و مردووانه‌ی له‌تۆماری ده‌نگده‌راندان هەیە، کاریگەریی ڕاستەوخۆی له‌سه‌ر ده‌نگی هیچ لایه‌نێك نابێت، چونكه به‌سه‌ر هه‌موو لایه‌نه‌كاندا دابه‌ش بوون.
خه‌سره‌و گۆران ڕاشیگەیاندووە، داوا لە کۆمسیۆن دەکەن لیستی تۆماری ده‌نگده‌رانی هه‌رێمی كوردستان پاک بکەنەوە لە ناوی مردوو و دووبارە و زیادە.
ده‌رباره‌ی پێشبینی به‌ده‌ستهێنانی ژماره‌ی كوردسیه‌كان بۆ حیزبه‌كه‌ی و كاریگه‌ری دروست بونی حیزبه نوێكان له‌سه‌ر ده‌نگه‌كانی پارتی، خه‌سرەوگۆران ڕایگەیاندووە "پارتی حیزبێكی ته‌واو كوردستانیه له‌هه‌موو پێكهاته كوردستانیه‌كان خه‌ڵكی له‌سه‌ركردایه‌تی و پله جیاوازه‌كانی حیزب ده‌نگده‌ری هه‌یه، بۆیه حیزبه نوێیەکان هیچ كاریگه‌رییه‌كیان له‌سه‌ر ده‌نگه‌كانی پارتی نابێت به‌ڵام كاریگه‌رییان له‌سه‌ر لایه‌نه‌كانی تر ده‌بێت".
ئەوەشی وتووە، "ناتوانم پێشبینی ژماره‌ی كورسیه‌كانی پارتی بكه‌م له‌ئێستاوه بۆ هه‌ڵبژاردنه‌كان".
پێشتر په‌یمانگای ئه‌نیستتۆی په‌ی بۆ هه‌ڵبژاردنه‌كان له‌ڕاپۆرتی خۆیدا ڕایگه‌یاندبوو له لیستی ناوی تۆماری ده‌نگده‌راندا زیاتر له ٦٠٠ هه‌زار ناوی نایاسایی هه‌ن كه‌بریتن له‌ناوی مردوو، دووباره ، ساخته ، كوردانی وڵاتانی دراوسێی عێراق.