ئەو شەش بڕیارەی کە عەبادی فڕۆکەخانەکانی هەرێمی لەسەر کردەوە

حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیرانی عێراق بەپێی شەش فەرمان هەردوو فڕۆکەخانەکانی هەولێر و سڵێمانی کردەوە.
 
عەبادی لە فەرمانەکەدا ئاماژە بەوە کراوە " پاڵپشت بەو دەسەڵاتانەی پێماندراوە، بەپێی ماددەی (78) لە دەستووری عێراق و بەپێی بڕیاری ژمارە (305) ی ساڵی 2017 ی ئەنجوومەنی وەزیران، لە پەرۆشیمان بۆ ئاسانكردنی گەشتی هاووڵاتیان لە رێگەی هەردوو فڕۆكەخانە نێودەوڵەتییەکانی هەولێر و سلێمانی، دوای وەڵامدانەوەی دەسەڵاتە نیوخۆییەكانی هەرێمی كوردستان بۆ رادەستكردنەوەی هەردوو فڕۆكەخانەكە بۆ دەسەڵاتی فیدراڵی بەپێی دەستوور، بڕیارمان لەسەر ئەم خاڵانە دا:-

یەکەم. دامەزراندنی بەڕێوەبەرایەتیی پاراستنی تایبەت بەسەر فڕۆكەخانەكانی هەرێمی كوردستان كە تێیدا سەرپەرشتی و دەسەڵات لەژێر فەرمانی وەزارەتی ناوخۆی فیدراڵیدا دەبێت. هەروەها دیاریكردنی لایەنە پەیوەندیدارەكان بەو بەڕێوەبەرایەتییەوە و تەنسیبكردنی فەرمانبەران، رێكخستنیان و سوودوەرگرتن لەو پێكهاتانەی ئێستا هەیە لەژێر دەسەڵاتی وەزیری ناوخۆی فیدراڵیدا دەبێت، پاش دووبارە رێكخستنەوە و هەیكەلیەت و پەیوەستی بە دەسەڵاتی فیدرالی بەمشێوەیەی خوارەوە دەبێت:-

1- بەشی پاراستنی تایبەتی هەردوو فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی و هەولێر پەیوەست دەبن بەو بەڕێوەبەرایەتییەی سەرەوە.

2- بەڕێوەبەری بەشی پاراستن دەبێت ئەفسەر بێت و نابێت پلەكەی لە (عقید) كەمتر بێت، جێگرەكەشی نابێت پلەكەی لە (مقدم) كەمتر بێت، هەردووكیان لەلایەن وەزیری ناوخۆی فیدڕاڵەوە هەڵدەبژێرێن.

3- دەبێت فەرمانبەرانی بەڕێوەبەرایەتیی ناوبراو پاپەندبن بەو پۆشاكەی دیاریكراوە بۆ هێزی ئەمنی سەر بە وەزارەتی ناخۆی فیدڕاڵ بەپێی رێنماییەكانی ژمارە (7) بۆ ساڵی 2014.

دووەم: سیستەمی چاودێری (البایسز) دەبەسترێت بە سیستەمی سەرەكی لە بەغدا كە تایبەتە بە فڕۆكەخانەكان و دەروازەكانی هەرێم بەوشێوەیەی لە دەروازەكانی دیکەی عێراق كاری پێدەكرێت.

سێیەم: فەرمانگەی پاسپۆرت و جنسیە و فەرمانبەرەكانیان لە هەولێر و سلێمانی دەبەسترێن بە وەزارەتی ناوخۆی فیدراڵ بەپێی یاسا.

چوارەم: لیژنەی هونەری سەر بە دەستەی گشتیی گومرگ سەرپەرشتی هەناردەكردن و هاوردەكردنی شتومەك دەكات لە هەردوو فڕۆكەخانەكە، پاش بەدەستهێنانی رەزامەندی فەرمی لە لایەنە پەیوەندیدارەكان سەبارەت بە هاوردەی خۆماڵی و بیانی و پشكنینی رەزامەندییەكان بەپێی پسپۆرییەكان و، هەروەها بەپێی ئەو بڕیارانەی لە كتابی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیدا هاتوون کە بە ژمارە (126) لە رێککەوتی 9/5/2011 دەرکراوە.

پێنجەم: رێگە بە گەشتە ئاسمانییە نێودەڵەتییەكان دەدرێت لە فڕۆكەخانەكانی هەرێم، ئەمەش بەپێی رەزامەندییەكانی دەسەڵاتی ئاسمانی مەدەنی فیدراڵی و پاش تەواوكردنی پێداویستییەكانی ئەم فەرمانە دیوانییە، بە مەرجێك لە یەك هەفتە تێپەڕنەبێت لەو بەروارەوە.

شەشەم: لیژنەیەكی باڵا بۆ سەرپەرشتیكردنی بەڕێوەبردنی فڕۆكەخانەكان و خاڵە سنوورییەكانی هەرێم  پێكدێت، بۆ دڵنیابوون لە پاپەندبوونی بە رێنماییە فیدراڵییەكان، نوێنەری گشت دەسەڵاتە پەیوەندیدارەكانی ناوەند لەخۆدەگرێت و هەرێم راپۆرت بەرزدەكاتەوە بۆ فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكان یان هەركەسێكی تەخویلكراو.



PM:02:10:13/03/2018