عەبادی بۆ یادی هەڵەبجە پەیامێکی بڵاوکردەوە

سەرۆک وەزیرانی عێراق پەیامێکی لە بارەی کارەساتی کیمیابارانی هەڵەبجە بڵاوکردەوە و رایگەیاند، عێراق تەواوی پاشماوەکانی چەکی کیمیایی لەناوبردووە.

لەو پەیامەیدا حەیدەر عەبادی دەڵێت "رۆڵەکانی گەلەکەمان و جیهان ئەمڕۆ یادی کارەساتی هەڵەبجە دەکەنەوە کە لەلایەن رژێمی لەناوچوو کیمیاییباران کرا، ئەو تاوانە  کە ویژدانی جیهانی هەژاند، بووە هۆی شەهیدبوونی هەزاران کەس لە رۆڵەکانی گەلی کوردمان".

سەرۆک وەزیرانی عێراق دەشڵێت "لە کاتێکدا ئەو یادە بەئازارە دەکەینەوە، جەخت لەسەر یەکدەنگی گەلەکەمان دەکەینەوە، شانازی بە تێکەڵاوبوونی خوێنی کورد و تەواوی عێراقییەکان دەکەین لە بەرەنگاربوونەوەی داعش، کە هێزەکانی پێشمەرگە لە پاڵ براکانیان لە سوپای عێراق جەنگان تا بەدەستهێنانی سەرکەوتنی گەورە".

هەروەها حەیدەر عەبادی دەڵێت، "عێراق بەڵێنەکانی بۆ لەناوبردنی پاشماوەی چەکی کیمیایی بردووەتەسەر، کە رژێمی پێشوو لە هەڵەبجە و ناوچەکانی تری عێراق بەکاریهێناوە، لەوچوارچێوەیەدا عێراق بڕوانامەی نێودەوڵەتی بۆ ئەوە پێدراوە".



PM:03:36:16/03/2018