لاهور شێخ جەنگی لەبارەی 16ی ئۆكتۆبەرەوە داوایەك ئاڕاستە دەكات

بەرپرسی ئاژانسی پاراستن و زانیاری/زانیاری هەرێمی كوردستان، لەسەر رووداوەكانی‌ 16ی ئۆكتۆبەری‌ 2017، داوای‌ پێكهێنانی‌ لیژنەیەكی‌ باڵا لە سەرۆكی‌ حكومەت و جێگرەكەی‌ دەكات و دەڵێت "لیژنەیەكی ئاست باڵا پێكبهێنرێت چاو لە هیچ كەسێك و تۆمەتبار و كەمتەرخەم نەپۆشێت".

لاهور شێخ جەنگی، بەرپرسی ئاژانسی پاراستن و زانیاری/زانیاری هەرێمی كوردستان، بەنوسراوێكی‌ فەرمی كەوێنەیەكی‌ دەست "سپی میدیا" كەوتووە، داوا لە سەرۆكی‌ حكومەت و جێگری‌ سەرۆكی‌ حكومەتی‌ هەرێم دەكات لیژنەی‌ دەرخستنی‌ راستییەكان لە ئاستێكی‌ باڵا پێكبهێنن، دەشڵێت "دوای ریفراندۆم و رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر، بەداخەوە لەچەندین لاوە پێش لێكۆڵینەوە و بەدواداچوون تۆمەتی خیانەت ئاڕاستەی هەندێك كەس و لایەن كرا، هەرچەندە دەبوو لەجیاتی تۆمەت بەخشینەوەی پێش وەخت، سەرۆكی هەرێم و سەرۆكایەتی هەرێمی ئەوكات كە راستەوخۆ فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكان بوون، دەبوایە لیژنەی بەدواداچوون و گەیشتن بە راستی رووداوەكانیان لە ئاستی پەرلەمان و حكومەت پێكبهێنایە، بەڵام بەهەر بیانویەك بێت ئەوە نەكرا".

لاهور شێخ جەنگی، دەڵێت "لەئێستادا كە فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكان لەژێر بەرپرسیاریەتی ئێوەدایە داواتان لێدەكەم بۆ دەرخستنی راستییەكان و بەرچاوروونكردنی خەڵكی كوردستان لیژنەیەكی ئاست باڵا بۆ بەدواداچوون و گەیشتن بەراستییەكان سەبارەت بەهۆكارەكانی پاشەكشەی هێزی پێشمەرگە لەخورماتوو تا شنگال لە 16ی ئۆكتۆبەر و رۆژانی دوایی، ئەو تۆمەتانەی ئاڕاستەی هەندێ لە هەڤاڵانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان كرا پێكبهێنرێت''.

لەو نوسراوەدا، داوادەكات ئەو لیژنە باڵایە "چاو لەهیچ كەسێك و تۆمەتبار و كەمتەرخەم نەپۆشێت و لەكۆتاییدا ئەنجامەكان بۆ كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان ئاشكرابكات".



PM:01:39:18/03/2018