ژمارەیەك كاندید بانگهێشتی لێپرسینەوە دەكرێت

دەستەی لێپرسینەوە و دادپەروەریی عێراقی زیاتر لە 80 كاندیدی هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی وڵاتەكەی بەمەبەستی لێپرسینەوە، بانگهێشت دەكات.

رۆژی یەكشەممە 18ی ئازاری 2018، فارس بەكوع، وتەبێژی دەستەكە لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا، رایگەیاندووە، "ناوی ئەو 86 كاندیدە بەشی یەكەمی ئەو ناوانەن، كە نێردراونەتە كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق".

فارس بەكوع هەروەها رایگەیاندووە، "دەستەی لێپرسینەوە و دادپەروەری داوای لە كۆمسیۆن كردووە، داوا لەو 86 كاندیدە بكات لە دەستەكە ئامادە بن و بەڵگەنامەكانی خۆیان لەگەڵ خۆیان، ئامادە بكەن".

دەستەی لێپرسینەوە و دادپەروەری گومانی هەیە ئەو 86 كاندیدە ئەندامی حزبی بەعسی هەڵوەشاوە و قەدەغەكراو بن و لە دامودەزگا داپڵۆسێنەرەكانی، كاریان كردبێت، چونكە ناوی سیانییان لەگەڵ ئەو ناوانە یەك دەگرێتەوە، كە لای دەستەكەن و لە لیستی بەرپرسانی بەعسن.

فارس بەكوع ئاماژەی بەوەش كردووە، كە ئەو 86 كاندیدە و ژمارەیەكی دیكەی كاندیدەكانیش ”لە لیست و قەوارە جیاوازەكانن"، بەبێ ئەوەی ناوی هیچ لیستێك ئاشكرا بكات.

كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق بڕیاری ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقی لە رۆژی 12ی ئایاری 2017 داوە، كە تیایدا حەوت هەزار كەس خۆیان كاندید كردووە و ركابەریی لەسەر 329 كورسیی پەرلەمان دەكەن.



PM:02:01:18/03/2018