حەج و عومرەى هەرێم ئاگاداریەکی بڵاوکردەوە

بەڕێوەبەرایەتى گشتى حەج و عومرەى هەرێمى کوردستان ئاگاداریەکی بڵاوکرووەوە و تیایدا ماوەى حەوت ڕۆژ دیاریدەکات بۆ ئەو کۆمپانیایانەى دەیانەوێت حاجیان بگوازنەوە بۆ سعودیە بەمەبەستى بەجێگەیاندنى حەجى ئەمساڵ.

لە ڕاگەیەندراوێکى بەڕێوەبەرایەتییەکەدا هاتووە، داوا لە گشت کۆمپانیاکانى حەج و عومرە دەکەین ئەوانەى کە ئارەزوومەندن بە بەشداریکردن لە پرۆسەى حەجى ئەمساڵى ٢٠١٨ بەمەبەستى گواستنەوە و سەرپەرشتیکردنى حاجیان لە ماوەى حەوت ڕۆژدا سەردانى بەڕێوەبەرایەتى حەج و عومرەى سنورى پارێزگاکانیان بکەن بۆ پێشکەشکردنى داواکانیان بەپێى فۆڕمى ئامادەکراو.

ئەوەش هاتووە، ڕۆژى دوو شەممە ٢٠١٨/٣/٢٦ تا ڕۆژى ٢٠١٨/٤/١  پرۆسەکە دەستپێدەکات و هەرکەسێک لەو ماوەیەدا دوابکەوێت مافى بەشداربوونى بە هیچ شێوەیەک لە پرۆسەکەدا نابێت.

لە ڕاگەیەندراوەکەى بەڕێوەبەرایەتى گشتى حەج و عومرەى هەرێمى کوردستان مەرجەکانى پێشکەشکردنى داواکارى بەم خاڵانە خراوەتەڕوو:

١- لە پرۆسەى ڕاپرسى کە پارساڵ لە وڵاتى عەرەبستانى سعودى ئەنجامدرا بە پلەى سەرکەوتوو هەڵسەنگێندرابێ.

٢-  ئامادەبێت بە دانى بڕە پارەى ٢١٠٠ ڕیاڵ لەکاتی دەرچوونی ناوی لە سیستمى وەرگرتنى ڤیزا، و ئەگەر هەر گۆڕانکارییەک لەم بڕە سەریهەڵدا کارى پێدەکرێت.

٣- گشت ڕێنماییەکانی تایبەت بە کۆمپانیاکەى لێ بێتەجێ.

٤- لەگەڵ پێشکەشکردنى داواکارییەکەى بۆ کارکردن پێویستە پاکانەی باجی دەرامەت بهێنێ بە پێچەوانەوە مافی بەشداری لە پرۆسەکە نابێت.



PM:05:02:25/03/2018