بەڕێوەبەری ئاسایشی هەولێر: حزبەكان بەناوی مامۆستاوە خۆپیشاندان دەكەن

بەڕێوەبەری ئاسایشی هەولێر ڕایگەیاند، ئەو پەرلەمانتارانەی لەناو خۆپیشاندانەكاندا بوون، بۆ مەرامی حزبەكانیان لەوێ بوون و دەڵێت "چەند حزبێك بەناوی مامۆستاوە خۆپیشاندان دەكەن". 
 
لیوا تاریق نووری، بەڕێوەبەری ئاسایشی هەولێر بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاندووە "ئاسایشی ھەولێر بە ھیچ شێوەیەك ئەشكەنجەی ھیچ كەسێكی نەداوە و، ئێمە كارمان ئەوەیە خەڵك بە ئارامی بژیت و ئەمن و ئاساییش لە شار ھەبێت، بۆیە ئەو تۆمەتەی بۆ ئێمە دروست كراوە، ھیچ بنەمایەكی نییە و ناحەزانن و دەیانەوێت شارەكانی دیكەیان چی لێ كرد، ھەولێریش وا لێ بكەن، گەر نا ئێمە وەكو ئاساییش سەرقاڵی ئەركی خۆمانین بۆ ئەوەی خەڵك بە ئارامی بژیت".

ئەوەشی ڕوون كردووەتەوە كە ئەركی ئەوان ئەوەیە، ھەر شتێك پێچەوانەی یاسا بێت، رێگریی لێ بكەن، بۆیە "ئەوانەی بە ناوی مامۆستایانەوە خۆپێشاندان دەكەن، ئەوانە مامۆستا نین و چەند حزبێكن وەكوو نەوەی نوێ و ھەندێكی دیكە، كە بۆ مەرامی حزبی و پڕوپاگەندەی ھەڵبژاردنەكان ئەو كارە دەكەن و ھێشتا ماوە كاتی پڕوپاگەندە بێت، ئەوان دەستیان پێ كردووە و دەیانەوێت سوود لە مامۆستایان وەربگرن و ئاژاوە بە ناوی مامۆستاوە دروست بكەن، ئێمەیش رێگرییان لێ دەكەین".

تاریق نووری ئەوەشی ئاشكرا كردووە، دوێنێ چەندین كەسیان بینیوە، بەناوی مامۆستا لە كەناڵەكانەوە قسەیان كردووە كە ھیچیان مامۆستا نەبوون وتیشی ”پەرلەمانتار مانگانە ٣٠ ملیۆن دینار وەردەگرێت، لەوێ بوو، لە كاتێكدا ئەو نێردراوە بۆ پەرلەمان وەكوو نوێنەر نەك بێت، لێرەش خۆی بكاتە نوێنەری خەڵك و خۆپێشاندان بكات، بۆیە ئەمانە خۆپێشاندان بە لارێدا دەبەن و زیان بە داواكاریی خەڵكی دەگەیێنن".

دەشڵێت، "چەندین پەرلەمانتار لەوێ بوون و ھەموویان بۆ مەرامی حزبی و بەرژەوەندیی خۆیان ھاتبوون، چونكە ئیشی پەرلەمانتار دەركردنی یاسایە لە پەرلەمان، نەك بێتە سەر جادە، چونكە خەڵك خۆی ھاتووە بۆ سەر جادە".

جەختیش دەكاتەوە "لە خۆپێشاندانەكەی دوێنێدا، ھیچ كەسێك دەستگیر نەكراوە و، ھەندێك ھەوڵ درا بۆ ئەوەی گێرەشێوێنی دروست ببێت، بەڵام ھەر زوو رێگریمان لێ كردن و رێگەمان نەدا ئاژاوە دروست ببێت".

ئەوەش لەكاتێكدایە بەشێك لە ڤیدیۆ و وێنەی تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان و میدیاكان ئەوە نیشاندەدەن كە لە خۆپیشاندانی دوێنێ و ئەمڕۆی شاری هەولێر و دهۆك چەندین كەس دەستگیركراون و بێڕێزی بە خەڵك كراوە.





PM:03:07:26/03/2018