سبەی چوار شەممە دەستکاری کردنی سیستەمی پاشەکەوت رادەگەیەنرێت.. سپی وردەکاریەکانی بڵاودەکاتەوە

بڕیارە حکومەتی هەرێم سبەی چوار شەممە کۆببێتەوەو دوای کۆبوونەوە دەستکاریکردنی سیستەمی پاشەکەوتی مووچە رابگەیەنێت، ئەو دەستکارییە مووچەی وەزیر و پەرلەمانتار ناگرێتەوە وەک ئێستا لە ٧٥%  لێدەبڕدرێت.

کەمێک پێش لە کاتی ئامادەکردنی ئەم هەواڵەدا، لیژنەی دارای کە بۆ دەستکاریکردنی سیستەمی مووچە دوو رۆژە لەکۆبوونەوەدایە، کۆتایی بەکۆبوونەوەکانی هێنا، بەپێی زانیارییەکانی  دەست سپی کەوتووە، ئەو پرۆژەیەی بەیانی لە ئەنجومەنی وەزیراندا بڕیاری لەسەر دەدرێت، وەزیر و پەرلەمانتاران مووچەکەیان وەک ئێستا بە پاشەکراوی دەمێنێتەوەو هیچ دەستکاری ناکرێت کە ٧٥% لێدەبڕدرێت.

سەبارەت بە مووچەی نزمترین ئاستی مووچە، کە کەمترین مووچە خۆری هەرێم  ٣٠٠ هەزار دینارە، هیچ بڕە پارەیەکیان لێ نابڕدرێت و مووچەی خۆیان بەتەواوی وەردەگرن. لەدوای مووچەی ٣٠٠ هەزارەوە رێژەی لێبڕین لە ١٠% دەبڕدرێت و لەگەڵ بەرزبوونەوەی پلەکان رێژەکانیش زیاد و بەرزدەبێتەوە بۆ ٢٠ و ٣٠ تا دەگاتە لە ٤٠%، بەڵام وەک جاران نامێنێتەوە و بڕی مووچە بڕین کەم دەبێتەوە. 
بەڕێوەبەری گشتی و وەکیل وەزیر لە ٤٠% لە مووچەکانیان دەبڕدرێت.

هەرچی خانەوادەی شەهیدان و ئەنفال و زیندانی سیاسیە مووچەی مانگانەی خۆیان وەردەگرن بەبێ بڕین.

مووچەی خانەنشینانی مەدەنی و سەربازی هەموو مانگێک مووچەی خۆیان وەردەگرن.
هەموو ئەم دەستکاریکردنی سیستەمی پاشکەوتی مووچە بەندە بەوەی عێراق مانگانە بڕی ٣١٧ ملیار دینار بنێرێت بۆ هەرێم، سەرچاوەیەکی ئاگادار لە حکومەتی هەرێمەوە بە سپی راگەیاند " حکومەت بەغدا بڕیاری داوە مانگانە ئەو بڕە پارەیە بۆ هەرێم بنێرێت".





PM:06:11:27/03/2018