عەدنانی حەمەی مینا بۆ شاناز ئیبراهیم: کۆسرەت رەسوڵ خاوەنی هەموو جۆرە بڕیارێکە لەناو یەکێتیدا

ماوەیەکی کەم تێپەڕی بەسەر نوسینەکەی شاناز ئیبراهیم ئەحمەدا، عەدنانی حەمەی مینا وەڵامی دەداتەوەو دەڵێت" کۆسرەت رەسوڵ خاوەنی هەموو بڕیارێکی گرنگە لەناو یەکێتی دا".

لە لێدوانێکی رۆژنامەوانی عەدنانی حەمەی مینا ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی دەڵێت" لە غیابی مام جەلالدا، کۆسرەت ڕەسوڵ بەرپرسیارە لە سیاسەتی ئێستای یەکێتیی نیشتمانی، بۆیە ھەر کەسێک قسەی لەو شێوەیە بکات، خۆی لە چوارچێوەی زیادەڕۆییدا دەبینێتەوە و باشتر وایە ئەو کەسانەی قسەی لەو شێوەیە دەکەن،  قسەکانی خۆیان بسەلمێنن، چونکە ناکرێت ھەندێک قسە ھەیە لە میدیاکان و شۆسیال میدیادا فڕێ بدرێت".

ئەو سەرکردەیەی یەکێتی پێێوایە  "دوای ئەوەی کۆمیتەی سەرکردایەتیی یەکێتیی کۆنەبووەوە و مەکتەبی سیاسی ھەڵوەشێندرایەوە، کۆسرەت ڕەسوڵ بە ھیمەتی خۆی، توانی سەرکردایەتی کۆ بکاتەوە و مەکتەبی سیاسی بخاتەوە دۆخی جارانی، بۆیە ڕەنگە بڕیارەکانی کۆسرەت ڕەسوڵ لە بەرژەوەندیی چەند کەسێکدا نەبێت، بۆیە لێرە و لەوێ قسە دەکەن".

 عەدنانی حەمەی مینا بە باسیشی ئاماژەی بەوەش دا: "دوای کۆچی دوایی مام جەلال، کۆسرەت ڕەسوڵ، کەسی یەکەمە لەناو یەکێتیی نیشتمانی و خاوەنی ھەموو جۆرە بڕیارێکی گرنگی حزبەکەمانە و دواجار کۆسرەت ڕەسوڵ، پیاوی ڕۆژی سەخت و تەنگانە بووە، لەکاتی دۆخە ھەستیارەکانی یەکێتیدا توانیویەتی باری لاری یەکێتی ھەڵبسێنێتەوە، بێگومان ئەوە قسەی من نییە، بەڵکوو ئەوە قسەی خودی ھەڤاڵ مام جەلالە و بە ڤیدیۆ بڵاو کراوەتەوە."

لەبارەی پۆستەکەی شاڵاو کۆسرەت ڕەسوڵ،  عەدنانی حەمەی مینا، باسی لەوە کرد: "مەکتەبی ڕێکخستی یەکێتی داوای ئەوەی کردووە، شاڵاوی کۆسرەت ڕەسوڵ، وەک بەرپرسی مەڵبەندی ٣ی ھەولێری یەکێتیی نیشتمانی دیاری بکرێت، بێگومان کۆسرەت ڕەسوڵ، پێشنیاری ئۆرگانێکی فەرمی یەکێتیی نیشتمانیی جێبەجێ کردووە و مەرج نییە ئەوەی زۆر قسە بکات، کەسێکی بە توانا بێت، ئەوەشی بێدەنگ بێت، کەسێکی بێ توانا بێت، چونکە مامەڵەی ئەو پۆستە لە کاتی ئیشکردندا دەردەکەوێت، بۆیە شاڵاو کۆسرەت ڕەسوڵ، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانییە، بەڵام خەڵکی وا ھەیە ئەندامی سەرکردایەتی نییە و خۆی بە ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی دەزانێت".



PM:06:26:10/04/2018