"یەکێتی بە کرێچێتی گەڕاوەتەوە نێو خورماتوو"

یەکێتی نیشتمانی کوردستان کە لەدوای ١٦ ی ئۆکتۆبەرەوە خورماتووی چۆڵکرد، ئەمڕۆ سێ شەممە گەڕاوەتەوە شاری خورماتوو بۆ بارەگاکەشیان خانوویەکیان بەکرێ گرتووە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار بە سپی میدیای راگەیاند" ئەمڕۆ ١٠ی نیسان یەکێتی بارەگایەکی بردۆتەوە بۆ نێو شاری خورماتوو لە گەڕەکی کۆماری خانوویەکیان بەکرێ گرتووە، ئەمەش بەڕەزامەندی هێزە ئەمنییەکانی ئەو شارە بووە".

ئەو سەرچاوەیە ئاشکرای کرد ئەو کەوادیر و پێشمەرگانەی یەکێتی  کە گەڕاونەتەوە خورماتوو تەنها ئەو مافەیان پێدراوە کە بەژمارەیەکی کەم لە چەک و تەقەمەنی سووکەوە بگەڕێنەوە شارەکە.

بارەگای سەرەکی مەڵبەندی یەکێتی کە پێش ١٦ ئۆکتۆبەر لە خورماتوو لەبارەگایەکی گەورەدا بوو لەسەر ڕێگای خورماتوو – بەغدا، لەکاتی چۆڵکردنی شارەکەدا عەسائیب ئەهلی حەق چوونەتە ئەو بارەگایەوە و ئێستاش هێزەکانی بەرپەرچی خێرای عێراقی تیایە.



PM:10:58:10/04/2018