ترەمپ وادەی گواستنەوەی باڵیۆزخانەی وڵاتەکەی بۆ قودس گواستەوە

سەرۆکى ئەمریکا ڕایگەیاند کار بۆ ئەوە دەکەن مانگى داهاتوو باڵیۆزخانەى ئەمریکا لە ئیسرائیل بۆ شاری قودس بگوازنەوە.

دۆناڵد ترەمپ سەرۆکى ئەمریکا لە تویتێکدا ڕایگەیاندووە، "لە ٧٠یەمین ساڵڕۆژی سەربەخۆیی ئیسرائیلدا هیوای سەرکەوتن بۆ بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل و هەموو خەڵکی ئیسرائیل دەخوازم".

ئەوەشی وتووە  "ئێمە خاوەنی هیچ هاوڕێیەکی باشتر لە ئیسرائیل نین لە هیچ شوێنێکی تر و بەمزوانە باڵیۆزخانەکەمان لە مانگی داهاتوودا بۆ قودس دەگوازینەوە".

ئەمەش لەدوای ئەوە  دێت، پاش ٧٠ ساڵ بەسەر دامەزراندنی دەوڵەتی ئیسرائیلدا، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، قودسی وەک پایتەختی ئیسرائیل ناساند، داواشی لە وەزارەتی دەرەوە کرد، باڵیۆزخانەکەیان لە تەلئەبیبەوە بگوازنەوە بۆ قودس، ئەو بڕیارەش کاردانەوەی فراوانی وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی و جیهانی بەدوای خۆیدا هێنا.

هاوکات مەحمود عەباس سەرۆکی دەسەڵاتى فەلەستین ڕایگەیاند، ئەمریکا بە بڕیارەکەی دەستبەرداری ڕۆڵی نێوەندگیری بوو لە پڕۆسەی ئاشتی نێوان ئیسرائیل و فەلەستیندا کە چەندین ساڵ بوو دەیگێڕا، وتیشی، سوورن لەسەر ئەوەی قودس پایتەختی هەمیشەیی فەلەستینە.

بڕیارەکەی ترەمپ کاردانەوەی ناڕەزایی بەدوای خۆیدا هێنا لەلایەن زۆربەی سەرکردەکانی وڵاتانی جیهانەوە.



PM:09:24:18/04/2018