بەوێنە .. پێنج ئەندامی خێزانێکی کورد دەبن بە کاندیدی لیستێکی عەرەبی

خێزانێکی کوردی شاری هەولێر پێنج ئەندامیان دەبن بە کاندیدی لیستێکی عەرەبی کە ئەویش لیستی نیشتمانی عەشائیریە لە عێراق. 

زانا شێروانی خەڵكی شاری هەولێرە و هەڵگری رەگەزنامەی بەریتانیایە و لە هەڵبژاردنەكانی خولی سێیەمی پەرلەمانی كوردستان لەسەر لیستێكی سەربەخۆ خۆی تاقیكردووەتەوە و دەنگی پێویستی بەدەست نەهێناوە، ئەمجارەیان لەگەڵ دوو برا و خوشكێك و براژنێكی، خۆیان لەسەر لیستێكی عەرەبی بەناوی لیستی رەوتی نیشتمانی عەشایری لە عێراق كاندید كردووە و، وەك خۆیان دەڵێن ئەوان لە داهاتوودا دەیانەوێت لە سێكتەرە جیاوازەكان كار بكەن بۆ ئایندەی وڵات.

زانا شێروانی كە هەڵگری بڕوانامەی لە بواری سینەمادا هەیە بە ئەنادۆڵی ڕاگەیاندووە : "لەساڵی ٢٠١٣ خۆم كاندید كرد و بە شێوەیەكی سەربەخۆ و ئەمجارەش پێنج كەس خۆمان كاندید كردووە و هۆكارەكەش ئەوەیە كە ئێمە سێ برا خۆمان كاندید كرد و پێویست بوو رێژەی بەشداربووی ئافرەت لە لیستەكەدا هەبێت و بەم هۆیەوەش خوشكم و براژنەكەم خۆیان كاندید كردووە".

لەبارەی بەدەستهێنانی دەنگەكان لە خولی پێشووی پەرلەمانی كوردستان، وتی: "لە هەڵبژاردنەكانی ٢٠١٣ی پەرلەمانی كوردستان، ٣٠ هەزار دەنگم هێنابوو، بەڵام دواتر پێیان راگەیاندم كە تەنها ٣٠ دەنگم هێناوە و بەم هۆیەشەوە نەمتوانی كورسی پەرلەمان بەدەستبهێنم".



PM:05:41:19/04/2018