سلێمانی؛ عەبادی چەند هاوڵاتییەکی لە مەراسیمی بانگەشەی لیستەکەی کردە دەرەوە

لە مەراسیمی ناساندنی کاندیدەکانی هاوپەیمانی نەسر، کە لە هۆتێل گراند میلینیۆم بۆ حەیدەر عەبادی رێکخرابوو بەهۆی وتنەوەی چەند دروشمێک دژ بە سەرۆکوەزیرانی عێراق،  پاسەوانەکانی عەبادی کچ و کوڕێک دەکەنە دەرەوەی مەراسیمەکە.

کەمێک پیش ئێستا حەیدەر عەبادی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و سەرۆکی هاوپەیمانی نەسر بەسەردانێک گەیشتە شاری سلێمانی و لە ئێستادا لە هۆتێل گراندملینیۆم لە سلێمانی بەشداری رێوڕەسمی ناساندنی کاندیدەکانی هاوپەیمانێتییەکەی دەکات و چەندین چالاکیش بەڕێوەدەچن. 

پەیامنێری "سپی" لە مەراسیمەکەوە رایگەیاند، "لە سەرەتای دەستپێکردنی وتارەکەی عەبادی کچ و کوڕێک بە دروشمی "بڕۆ دەرەوە دیکتاتۆر لەخاکی کوردستان بچۆ دەرەوە" هێرشیان کردە سەر حەیدەر عەبادی.

وتیشی، "ئەو کچ و کوڕە زیاتر لە ١٢ جار ئەو وتەیەیان بە سەرۆکوەزیرانی عێراق وتەوە، بۆیە دواجار لەلایەن هێزە ئەمنییەکان هاوەڵی عەبادیەوە کرانە دەرەوەی مەراسیمەکە".

عەبادیش لە وتەکەیدا کە دوای ئەو رووداوە دەستیپێکرد، ئەو رووداوەی بائاسایی وەرگرت و پەرچە کرداری بەرامبەر نەبوو.



PM:11:46:25/04/2018