عەبادی بەڵێنی چارەسەرکردنی کێشەی پارەی گەنمی جوتیاران دەدات

حەیدەر عەبادی جەخت لەسەر سەرکەوتن و ئاوەدانکردنەوەی سەرجەم ناوچەکانی عیراق و نەھێشتنی جیاوازی لەنێوان پێکھاتەکان دەکاتەوەو بەڵێنی چارەسەرکردنی کێشەی پارەی گەنمی جوتیارانیش دەدات.

ئێوارەی ئەمڕۆ ٢٥ی ٤ی ٢٠١٨، حەیدەر عەبادی سەرۆکی ھاوپەیمانی "نصر" لەرێگەی فرۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانیەوە گەیشتە ھەرێمی کوردستان و لەتەلاری گراند ملنیۆم ئامادەی رێورەسمی ناساندنی کاندیدەکانی سەر بەحزبەکەی بوو کە ژمارەیان نۆ کاندیدە، بڕیاریشە سبەینێ بۆ ھەمان مەبەست سەردانی ھەولێر بکات کە ژمارەی کاندیدەکانی حزبەکەی لەو شارە ١٠ کاندیدن.

لە رێورەسمەکەداو لەوەڵامی پرسیاری رۆژنامەنووساندا کە حەیدەر عەبادی وتی "داعش وێرانکاریی لەعیراق دروستکردو دەبێت بەیەکەوە ھەموو عیراق ئاوەدان بکەینەوە، بۆیە سەرکەوتنی دووەم بە ئاوەدانکردنەوەی عیراق دێتە دی کە ھەموو عیراقییەکان لێی سوودمەندبن بە عەرەب و کورد و تەواوی نەتەوەکانی ترەوە".

عەبادی جەختی لەوەکردەوە "دەوڵەتی عیراق کۆتایی بە جیاوازی ھێناوە لەنێوان ھاووڵاتیانی کورد و عەرەب و جەخت لەوە دەکەینەوە کە ھەموو ھاووڵاتیان بە کوردو عەرەب و شیعەو سوونەوە یەک مافیان ھەبێت لای حکومەت".

وتیشی "ئەمڕۆ هاتووینە ئێرە تاوەکو ستایشی شاری سلێمانی بکەین، پشتیوان بەخوا سەرجەم کێشەکان چارەسەر دەکەین".


لەبارەی پارەی گەنمی جووتیارانەوە، حەیدەر عەبادی وتی "لەساڵی رابردوەوەو تەواوی پارەی گەنمی جووتیارانی ھەرێمی کوردستانمان خەرجکردووە (٢٠١٤، ٢٠١٥، ٢٠١٦، ٢٠١٧)، بەڵام کێشەکە لە ژمارەکانی حکومەتی ھەرێمی کوردستانە کە پێویستی بە پێداچوونەوەو لێکۆڵینەوە ھەیە".



AM:12:06:26/04/2018