سەرۆکی کۆریای باکور و باشور کۆبوونەوە

کیم جۆنگ ئون بوو وەک یەکەم سەرکردەی کۆریای باکور چووە ناو خاکی کۆریای باشورەوە و لەگەڵ سەرۆکی ئەو وڵاتەدا کۆبووەوە.

کیم جۆنگ ئون سەرۆکی کۆریای باکور لەگەڵ موون جەی ئین سەرۆکی کۆریای باشور لەسەر سنور کۆبوونەوە و پێکەوە تەوقەیان کرد و تەوەری سەردانەکە باسکردن دەبێت لە چەکە ئەتۆمییەکانی کۆریای باکور.

سەرۆکی کۆریای باکور پێش دەستپێکردنی کۆبوونەوەکە ڕایگەیاند "ئێمە ئەمڕۆ لە سەرەتای هێڵێکداین کە تیایدا مێژوویەکی نوێی ئاشتی و سەرکەوتن و پەیوەندییە ناوخۆییەکانی کۆریا دەنووسرێنەوە".

کیم جۆنگ ئون هیوای گفتوگۆیەکی "ڕاستی" خواست لەگەڵ هاوتاکەیدا، هاوکات وەک گاڵتەیەک بە موون جەی ئینی ڕاگەیاند "هیوادارم خۆشی لەو ماکەرۆنییانە ببینێت کە هێناومانن بۆتان".

بەرپرسێکی کۆریای باشور ڕایگەیاند، کیم بە موونی وتووە کە خوازیارە سەردانی کۆشکی سەرۆکایەتی کۆریای باشور بکات و لەگەڵ سەرکردەی ئەو وڵاتەدا زیاتر کۆببێتەوە.

هاوکات بڕیارە لە مەراسیمێکدا هەردوو سەرکردە درەختێکی سنەوبەر بە بەکارهێنانی خاک و ئاوی هەردوو وڵات بڕوێنن وەک هێمایەک بۆ "ئاشتی و سەرکەوتن".

کیم جۆنگ ئون بەم سەردانەی بوو بە یەکەم سەرکردەی کۆریای باکور کە ئەو هێڵە سەربازییەی نیمچەدورگەی کۆریای دابەشکرد ببڕێت، لەدوای کۆتایی شەڕی کۆریاوە لە ساڵی ١٩٥٣دا.

هەروەها ئەم کۆبوونەوەیە بە ڕێگەخۆشکەر بۆ کۆبوونەوەکەی نێوان کیم و دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا دادەنرێت کە بڕیارە مانگی ئایاری داهاتوو ئەنجام بدرێت.



AM:08:50:27/04/2018