ڤیدیۆ.. لەشەقڵاوە هێرش دەکرێتە سەر کاندیدەکانی گۆڕان
گۆڕان لەهەولێر: دەسەڵات تەنها شەلاتی بەدەستەوە ماوە

لە شاری شەقڵاوە لە کاتی هەڵمەتی هەڵبژاردنی لسیتی گۆڕان لەرێگای بەردو دارەوە هێرش دەکرێتە سەر ژمارەیەک کاندیدو هەڵوسوڕاوی ئەو بزووتنەوە.

کاوە محەمەد سەرۆکی لیستی گۆڕان لەهەولێر لە لێدوانێکدا بۆ سپی دەڵێت " دەسەڵات تەنها شەلاتی بەدەستەوە ماوە، ئەمڕۆ (٤/۲۷) لەچوارچێوەی بانگەشەکردنمان بۆ لیستی (۱٤۲)ی بزووتنەوەی گۆڕان، لەگەڵ ژمارەیەک لەکاندیدانی لیستەکە و هەڵسوڕاوان، دوای کردنەوەی بنکەی بانگەشە لەشەقڵاوە، سەردانی ناو بازاڕی شارۆچکەکەمان کرد، ئێمە بە هێمنیەوە دەستمانکرد بە بانگەشە بۆ بەرنامەی لیستەکەمان، بەڵام دواتر هەروەک پیشەی هەمیشەییان، چەند شەڵاتییەکی دەسەڵاتدارانی شکستخواردوو، بە قسەی ناشیرین و نابەجێ و هەندێ کاری منداڵبازاڕیانەی دیکە پشێویان خستە ناو بازاڕی شەقڵاوەوە و جارێکی دیکە بۆ هەموو لایەکیان سەلماند کە لە چ مەدرەسەیەک پەروەردە کراون و خاوەن چ ئاکار و رەفتارێکی (دیموکراتیانە)ن ".

سەرۆکی لیئستی گۆڕان دەڵێت "جگە لەوە، ئەوەی ئەمڕۆ لەشەقڵاوە روویدا و ئەوەی پێشتریش لەحاجی ئۆمەران و گەڕەکی (تەیراوە)ی هەولێر روویاندا، دەرخەری ئەو راستیەشن کە ئەو دەسەڵاتە ترسنۆک و خۆفرۆش و خاکفرۆشە بە تەواوی ئیفلاسی سیاسی و ئەخلاقی کردووە و لەکاتێکدا لەهەولێر فەرشی سوور بۆ عەبادی رادەخات، هاوکات بێ رێزی بەرامبەر مامۆستایان و مووچەخۆران و هێزی کوردستانیی ئۆپۆزسیۆن و رەخنەگری خاوەن ئیرادەی وەک گۆڕان دەکات، چونکە عەبادی بە رزگارکەری خۆی دەزانێت و گۆڕان و گۆڕانخوازان و خەڵکی تووڕە و ناڕازی هەرێمیش بە هەڕەشەی گەورەی سەر وجودی خۆی دەزانێت".

سەرۆکی لیستی گۆڕان بەردەوامی خۆی بۆ خەبات دووپاتدەکاتەوەو دەڵێت " گۆڕان بەو کارە منداڵکارانەیەی دەسەڵاتێکی چەقۆکێشی ناو بازاڕ و کۆڵانەکان و هەڵاتووی مەیدانەکانی شەڕ، لەخەباتی سیاسی و مەدەنی خۆی ناکەوێت و سارد نابێتەوە، چونکە گۆڕان ئیرادەیەکی بەردەوامە.

لە ڤیدیۆکەدا ژمارەیەک گەنجی کە خەڵکی سەربایزێش لەنیوایاندا بەبەردو هوتاف کێشان هێرشدەکەنە سەر هەڵسوڕاو کاندیدەکانی گۆڕان. 





AM:01:22:28/04/2018