بەڕێوەبەری ناحیەی حاجیاوا داوایەک ئاڕاستەی کاسبکارانی ناحیەکە دەکات

بەڕێوەبەری ناحیەی حاجیاوا داوا لە دوکاندار و کاسبکاران دەکات، کە فۆڕمی هیچ کەس و لایەنێک پڕ نەکەنەوە بەمەبەستی پێدانی دوکان لەلایەن بانگەشەکارانی لەیەنەکان ئەگەر هاتو دەنگیان پێبدرێت، لە ئەگەری بونی حاڵاتی لەوشێوەیەش سەرپێجیکار رووبەڕی دادگا دەکاتەوە.

لە رونکردنەوەیەکدا کە وینەیەکی دەست "سپی" کەوتووە، تیایدا بەڕێوەبەری ناحیەی حاجیاوا، ئەزوەر جەعفەر ئاماژە بەوەدەکات،"ماوەیەکە لەناو بازاڕی حاجیاوا، هەندێک کەس بەناوی لایەنێکی سیاسی، فۆڕم بۆ کاسبکار و پیشەوەرەکان پڕدەکەنەوە، کە گوایا دوکانیان پێدەدرێت ئەگەر دەنگ بە لایەنێکی سیاسی بدەن، یان ماوەی گرێبەستەکانیان بۆ درێژدەکەنەوە بۆ ماوەی ۱٥ بۆ ۲۰ ساڵی تر."

دەشڵێت،" تەواوی پیشەوەر و کاسبکار و هەموو هاوڵاتیانی سنوری ناحیەی حاجیاوا و هەموولایەک دڵنیادەکەینەوە کە ئەمە ئەگەر کرابێت، درۆ و دەلەسە و پڕوپاگەندەی هەڵبژاردنە و دوورە لەڕاستی یەوە."

ئەو بەڕێوەبەرە داواش لە دوکاندار و کاسبکاران دەکات، کە فۆڕمی هیچ کەس و لایەنێک پڕ نەکەنەوە جگە لەوانەی، کە شارەوانی و ناحیە ڕایان دەسپێرن، چونکە بەپێی یاسا و ڕێنماییەکان پێدانی دوکان و زەوی بەپیشەوەر و کاسبکاران، تەنها دەسەڵاتی شارەوانی حاجیاوا و ئەنجومەنی شارەوانیە.

لە بەشێکی دیکەی روونکردنەوەکەدا هاتووە،  بۆ ئەم مەبەستە پۆلیسیان ڕاسپاردووە لەکاتی بەدیکردنی حاڵەتی وادا ڕێکاری یاسایی بەرامبەر سەرپێچیکاران دەگرنەبەر.

ئەمەش لەکاتێکدایە لە رۆژی یه‌كشه‌ممه‌ 15ی نیسانی 2018، بانگه‌شه‌ی حزب و قه‌واره‌ و هاوپه‌یمانێتی و كاندیده‌كان بۆ هه‌ڵبژاردنه‌كانی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق به‌پێی رێنماییه‌كانی كۆمیسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق دەستیپێکرد، کە بڕیار وایە لە 12ی ئایاری 2018دا،  بەرێوەبچێت، تیایدا حەوت هه‌زارو 188 كاندید له‌ نزیك به‌ 100 قه‌واره‌ و هاوپه‌یمانێتی ركابه‌رایه‌تی له‌سه‌ر 329 كورسیی په‌رله‌مانی ده‌كه‌ن، کە هەولێر 15 كورسی و کۆتایەک سلێمانی 18 كورسی و دهۆكیش 11 كورسیی و کۆتایەک بۆ دیاریكراوە و 3 ملیۆن و 144 هەزار و 730 دەنگدەر لە هەرێمی كوردساندا هەن و 25 لیست و 4 هاوپەیمانێتی بە زیاتر لە 710 كاندید ركابەرایەتیی دەكەن.


PM:03:00:01/05/2018