پۆلیسی راپەڕین؛ کچێکی تەمەن ١٨ ساڵ کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا

پۆلیسی ڕاپەرین ڕایگەیاند، ئەمڕۆ کچێکی تەمەن ١٨ ساڵ لە سنوری ناحیەی سەرکەپکانی سەر بە قەزای ڕانیە بە چەکی (بڕنۆ) کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە، لێکۆڵینەوەش لە روداوەکە دەستیپێکردووە.

لە راگەیەندراوێکدا پۆلیسی ڕاپەرین ئاماژەی بەوەدا،  کاتژمێر ۳:۳۰ خولەکی پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ یەکشەممە تەرمی کچێکی ۱۸ ساڵ گەیەندرایە نەخۆشخانەی گشتی ڕانیە.

وتیشی، دوای ئاگادارکردنەوە لە هێنانی تەرمی ئەو کچە، هێزەکانمان لە بەڵگە و تاوان و بنکەی پۆلیسی سەرکەپکان چوونە شوێنی ڕوداوەکە و دەستگیرا بەسەر چەکی بەکارهاتوو لە جۆری چەکی (بڕنۆ) لەگەڵ یەک قەوانی تەقیو لە هەمان جۆری چەک.

لە بەشێکی دیکەی راگەنەدراوەکەدا هاتووە، دەستبەجێ ڕێکاری یاسایی گیرایەبەر و بەگوێرەی وتەی کەسوکاری دەرکەوتووە، ناوبرا بە تەنیا لە ژوورێکی ماڵەکەی خۆیاندا دوایئەوەی دەرگای لەسەر خۆی داخستووە بە چەکی بڕنۆ یەک فیشەکی ناوە بەخۆیەوە و بەوهۆیەشەوە گیانی لەدەستداوە.

لەبارەی ناسنامەی کوژراوەکەوە پۆلیسی راپەڕین ئاماژەی بەوەداوە، کچەکە تەمەن ١٨ ساڵەکە ناوی (ها.م.ح) کە پیشەی خوێندکار و دانیشتووی گوندی قەڵا سەیدە سەر بە ناحیەی سەرکەپکانی قەزای ڕانیە.

لە کۆتایی راگەیەندراوەکەدا پۆلیسی ڕاپەرین باسی لەوەشکردووە، تەرمی ناوبراو گواستراوەتەوە بۆ پزیشکی دادوەری ڕانیە و دوای ئەنجامدانی توێکاری پزیشکی بۆ تەرمەکەی ڕادەستی کەسوکاری کرایەوە و دۆسیەی لێکۆڵینەوە بۆ ڕوداوەکە کراوەتەوە و لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکە بەردەوامە و تا ئێستا کەس دەستگیر نەکراوە.


PM:07:15:06/05/2018