هەولێر...ژنێکی قورئان خوێن خۆی سوتاند

له‌ شاری هه‌ولێر ژنه‌ قورئان خوێندێك كه‌ له‌ پرسه‌ی ژناندا قورئانی خوێندوه‌، به‌هۆی كێشه‌یه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه‌ خۆی سوتاند و گیانی لەدەستدا.

ماڵپەڕی روداو بڵاویکردەوە ژنه‌كه‌ ناوی كوردستان محەمەد، تەمەنی 58 ساڵ بووه‌ وەك ژنە قورئان خوێنێكی دەنگخۆش، ناوبانگی دەركردبوو، ئەم ژنە نزیكەی 20 ساڵ بوو لە پرسەی ژناندا قورئانی دەخوێند، دوای خۆسوتاندنیشی، 11 رۆژ لە ژێر چاودێریی پزیشكدا ماوەتەوە و لەوە زیاتر بەرگەی نەگرتووە و گیانی له‌ده‌ستداوە.

ئەوەش خراوەتەڕوو كوردستان بەهۆی كێشەیەك، كە لە نێوان كوڕەكەی و هاوسه‌ره‌كه‌یدا رویداوه‌، تووڕە بووە و خۆی سوتاندوە، بەڵام دانا مزەفەر، كە كوڕی ژنەیە، دەڵێت "دایكم ماوەی دوو ساڵ بوو تووشی نەخۆشیی دەروونی هاتبوو، بەردەوام تووڕە دەبوو، پزیشك دەیوت پێویستی بە شوێنی ئارامە، لە هیچ جێگایەك ئۆقرەی نەدەگرت و دەچووە هەر شوێنێك نەیدەتوانی بمێنێتەوە، رۆژێك پێش ئەوەی خۆی بسووتێنێ بەبێ هیچ هۆكارێك هەموو جلەكانی سوتاند، بۆ رۆژی دواتر براكەم دەمەقاڵەیەكی كەمی لەگەڵ باوكم ببوو، دایكیشم دەچێتە نهۆمی دووەم و گاڵۆنی نەوتی سۆپا دەردەكات و ئاگر لە جەستەی خۆی بەردەدات".

بە وتەی دانا، باوكیشیان دوای ئەو روداوە، حاڵی زۆر باش نییە و دەڵێت: "باوكم پێیوتم كاتێك لەگەڵ زانای برات دەمەقاڵێمان بوو، كوردستان تووڕە بوو، چووە نهۆمی سەرەوە و ئاگری لە جەستەی خۆی بەردا"، وتیشی "ئەوەی باوكمی تاساندووە، بینینی دایكم بووە كاتێك ئاگری لە خۆی بەرداوە، دایكم بەبێ جوڵە و هاواركردن وەستاوە و سەیری باوكمی كردوە، نە هاواری كردووە، نە پەلەقاژە و نه‌ هەوڵی خۆكوژاندنەوە و خۆڕزگاركردنی داوە".

ئه‌و كوڕه‌ی ده‌ڵێت: لە كاتی رووداوەكەدا زانای براشی كە تەمەنی 28 ساڵە و خێزاندارە، لەوێ‌ بووە، هەوڵیداوە ئاگری سەر جەستەی دایكی بكوژێنێتەوە، ئه‌ویش بەو هۆیەوە دەستەكانی سوتاون.

دانا دەڵێت: "رێژەی سوتانەكەی دایكم كەم بوو، تەنها 45% بوو، بەڵام جۆری سوتانەكەی پلە سێ بوو، برینەكەی زۆر قووڵ بوو، بۆڕیی هەناسە و سییەكانی گرتبوو. بۆیە 11 رۆژ لە نەخۆشخانە مایەوە، چەند نەشتەرگەرییەكیشیان بۆ كرد، بەڵام سودی نەبوو".

دانا پێیوایە تاكە هۆكاری خۆسوتاندنی دایكی نەخۆشیی دەروونی بووە و دەڵێت پێش مردنی لێیان پرسیوە بۆچی خۆی سوتاندووە، وتوویەتی خەونم بینیوە.

(س.ت) كەسێكی نزیكی كوردستانە، دەڵێت ئەو ژنە پێشتریش هەوڵی خۆكوشتنی داوە، بەڵام نەیانهێشتووە. ئەو زۆر ه‌ی‌سفی كوردستانی داوه‌ و وتویه‌تی: "ئافرەتێكی رێكوپێك بوو، شەش منداڵەكەی زۆر بە باشی پەروەردە كردبوو".

وتیشی: "كوردستان دوو جار خۆی دەرمانخوارد كرد و گەدەیان بۆ شته‌وه‌، من سێ شەو لەسەریەك خەونم پێوە بینی، پەیوەندیم پێوەكرد و پێموت وەزعت چۆنە؟ كێشەت چییە؟ وتی هیچ كێشەم نییە و تەنیا دڵم توندە".

بە وتەی (س. ت)، كوردستان یەكێك بووە لە هەرە دەنگخۆشەكانی هەولێر كە لە پرسەنامەكاندا قورئانی دەخوێند، هەفتەیەك پێش خۆسوتاندنی چووبووە پرسەیەك كە ژنەكە خۆی سوتاندبوو، زۆر ئامۆژگاریی ژنەكانی كردبوو كە بیر لە خۆسوتاندن نەكەنەوە.

رێباز زێوەر، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی دژی ئافرەتان لە هەولێر بە روداو-ی وتوه‌: "دوای ئاگاداركردنەوەمان لەلایەن نەخۆشخانەی فریاكەوتنی رۆژئاوای هەولێر لە حاڵەتێكی سوتان كە ژنە قورئانخوێنێك بوو بەناوی كوردستان محەمەد و خۆی سوتاندبوو، تیمەكانمان دەستیان بە لێكۆڵینەوە لە روداوەكە كرد.

وتیشی: دواتر بەپێی راپۆرتی پزیشكیی داد دەركەوت ئەو ژنە نەخۆشیی دەرونی هەبووە و راپۆرتەكەمان رەوانەی دادگا كردوە و هیچ كەسێكیش لەسەر ئەو كەیسە دەستگیر نەكراوە."



PM:07:16:11/05/2018