کاندیدی سەدر بۆ پۆستی سەرۆکوەزیرانی عێراق ئاشکرادەکرێت

رەوتی سەدر کاندیدی خۆی بۆ پۆستی سەرۆکوەزیرانی داهاتوی عێراق ئاشکراکرد و ئاماژەی بەوەشدا، دەیانەوێت حکومەتێکی تەکنۆکرات پێکبهێنرێت.

سەلاح عوبێدی، وتەبێژی رەوتی سەدر رایگەیاند، "ئەوان دەیانەوێت حکومەتی داهاتووی عێراق تەکنۆکرات بێت و، نایانەوێت حومەتێکی  تائیفی و حیزبی بێت".

ئاشکراشێکرد، "کاندیدەکەمان عەلی دەوای، پارێزگاری ئێستای میسانە، کە لەلایەن رەوتی سەدرەوە  بۆ پۆستی سەرۆکوەزیرانی عێراق کاندید دەکرێت".

وتەبێژەکەی رەوتی سەدر بۆ (روداو) وتیشی، "ئەوان ئامادەن بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ لایەنەکانی دیکە لەسەر پۆستی سەرۆکوەزیران و مەرج نییە ئەوە کاندیدی کۆتایی ئێمە بێت".

بەپێی ئەنجامە سەرەتاییەکانی هەڵبژاردنی عێراق، لیستی سائیرون بەسەرۆکایەتی موقتەدا سەدر، دەنگی یەکەمی لە عێراق هێناوە و تاوەکو ئێستا 54 کورسی بەدەستهێناوە.


PM:01:58:15/05/2018