هەسەدە ڕزگارکردنی ناوچەیەکی دیکە لەژێر دەستی داعش ڕادەگەینێت

فەرماندەیەکى هێزەکانى سوریاى دیموکرات "هەسەدە" ئاشکرایکرد لە ئۆپراسیۆنى دێرەزوور ناوچەیەکى گرنگی سەربازییان لە ژێر دەستى داعش دەرهێناوە.

شێرکۆ حەسەکە، فەرماندەى گشتى ئۆپراسیۆنى دێرەزوور کە هەسەدە پێشەنگى ئۆپراسیۆنەکەیە ڕایگەیاند: لە ئەنجامى ئۆپراسیۆنەکەیان بۆ نەهێشتى داعش گوندى باخۆزا ژێرێى سەر بە دێرەزوریان کۆنتڕۆڵکردووە کە گوندێکى ستراتیژییە.

ڕاشیگەیاند: لەلایەکى ئەو گوندە عێراقە و لەلایەکى ڕژێمى سوریا هەیەو لە لایەکى تریشەوە داعشى لێیە، ئامانجێکى سەرەکى ئێمەش ڕزگارکردنى ئەو گوندە بووە لە دەستى داعش و ڕزگاریشمان کردووە.

بە گوێرەى وتەى فەرماندە سەربازییەکان، بەمەبەستى پاراستنى هاوڵاتیانى سڤیل، ئۆپراسیۆنى دێرەزوور بەشێوەیەکى سست بەڕێوەدەچێت چونکە کارى فڕۆکە سەربازییەکان سنوردارکراوە.

ماوەیەکە لەسەر سنورى نێوان عێراق و سوریا دا ئۆپراسیۆنێکى هاوبەش لە نێوان سوپاى عێراقى و هێزەکانى سوریا دیموکرات "هەسەدە" لەسەر سنورى عێراق و سوریا دەستى پێکردووەو تاوەکو ئێستاش بەردەوامە.



AM:09:03:18/05/2018