ئەمڕۆ شەممە جێگری سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان، بەبۆنەی ساڵ ڕۆژی کۆچی دوایی نەشیروان مستەفا رێکخەری پێشوی بزوتنەوەی گۆڕان پەیامێکی بڵاوکردەوە
قوباد تاڵه‌بانی لە په‌یامێك دا کە ئەمڕۆ شەممە لە ژێر ناوی "ساڵیادی كۆچی كاكه نه‌وه" بلاویکردوەتەوە، ئاماژەی بەوەداوە،
به هاتنه‌وه‌ی ساڵیادی کۆچی دوایی کاک نەوشیروان، جارێكی‌تر برینه‌كانمان بۆ سه‌فه‌ری كتوپڕی ئه‌و كه‌ڵه سه‌ركرده‌و روناكبیر‌و نووسه‌ره‌ی كورد كولایه‌وه.
دەشڵێت، ڕه‌وانشاد هاوڕێی ته‌مه‌نی مام جەلال و شه‌ریكی سه‌روه‌رییه مێژوییه‌كانی بوو. هه‌ردووكیان ئه‌ندازیاری زۆر وێستگه‌ی گرنگن له خه‌باتی رزگاریخوازیی گه‌لی كورد و ئێمە بەختەوەرین لە رۆژگارێک ژیاین کە ئەوان رێبەرمان بون و له نزیكه‌وه له كانیاوی بیر‌و رێبازی ئه‌وان ئاومان خوارده‌وه.
لەبەشێکی دیکەی پەیامەکەدا هاتووە، لە هەموو قۆناغێکی پێکەوەبوونی مام و كاكه نه‌وه‌دا دونیای ئێمە هیوایەکی تێدا دروستبۆتەوە، به پێچه‌وانه‌شه‌وه لە ناکۆکییەکانیشیاندا، كۆمه‌ڵگاكه‌مان دووچاری په‌رته‌وازه‌یی و دڵه‌خورتێ هاتووه. ئه‌وان خاوه‌نی مه‌شخه‌ڵانی شۆڕشی نوێن و به گوڵاوی سه‌رمۆری رێككه‌وتنی ده‌باشانیش ئێمه‌یان به جێهێشت، له پێناو گەیشتن بە حکومڕانییەکی دیموکراسییانە و وه‌لانانی ناكۆكییه نا پێوێسته‌كان كه چه‌ندین ده‌یه‌یه میلله‌تی ئێمه‌ی شه‌كه‌ت و ماندوو كردووه.
دەشلێت، ئێستاش كه ئێمه له‌م قۆناغه هه‌ستیاره‌داین له هه‌مووكات زیاتر پێویستمان به گه‌ڕانه‌وه هه‌یه بۆ شوێن پێی ئه‌م دوو سه‌ركرده‌یه، ئه‌وه‌ی جورئه‌ت بكات بێرێزی به‌رانبه‌ر كاك نه‌وشیروان و ئادگار و یاده‌وه‌ریی ئه‌و بكات، ئه‌وه بێرێزی به مام جه‌لال كردووه، چونكه ئه‌و دووانه‌یه هیچ كات له‌یه‌كتر جیا نابنه‌وه.
هەر لە پەیاماکەیدا قوباد تاڵەبانی دەلێت، من وه‌ك كوڕی مام جه‌لال ئه‌م یاده‌ی كاكه نه‌وه‌و ئه‌م كۆست كه‌وتن و پێشهاتانه‌ی دوایی به ده‌رفه‌ت ده‌زانم تا پابه‌ندیی خۆم به زیندوو هێشتنه‌وه‌ی هه‌ردوو رێبازی مام و کاکە نەوە دووپات بكه‌مه‌وه.
لە کۆتایی پەیامەکەیدا جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێم باس لەوەشدەکات، کە سه‌رخستنی ئامانجەکانی مام جەلال و کاک نەوشیروانیش تەنها بە دۆستایەتیی و برایەتیی هەموومان و باش ئیداره‌دانی ناكۆكییه‌كان دێت به جۆرێك به قازانجی هه‌موولایه‌ك و پاراستنی نه‌گۆڕه مێژوییه‌كان بگه‌رێته‌وه‌و له هه‌مان كاتیش‌دا یادو یاده‌وه‌ریی ئه‌م دوو رێبه‌ره مه‌زنه وه‌ك دوو هاورێی خه‌باتگێڕ بۆ هه‌میشه به زیندوویی بهێڵێته‌وه.
رۆژی 2018/5/19 نه‌وشیروان مسته‌فا رێكخه‌ری گشتی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان لەکاتژمێر 8ی به‌یانی، دوای ململانێیه‌كی زۆر له‌گه‌ڵ نه‌خۆشی له‌ماڵه‌كه‌ی خۆیدا له شاری سلێمانی كۆچی دوایی كرد‌و رۆژی دواتریش له گردی زه‌رگه‌ته به‌خاك سپێردرا.