هۆشیار عەبدوڵا: خەریکە ژماردنەوەی دەنگەکان بەدەست دەبێتە بڕیار

هۆشیار عەبدوڵا، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراکسیۆنی گۆڕان ڕایگەیاند "خەریكە لەحكومەت‌و پەرلەمانەوە فشاری ژماردنی دەنگەكان بەدەستدەبێتە ئەمری واقع‌و بڕیار و کۆمیسیۆنیش ئەوەی ناوێ".

هۆشیار عەبدوڵا دەڵێت "دوای كۆبوونەوەكەی ئەنجوومەنی وەزیران دەربارەی ساختەكارییەكان، دوای جوڵاندنی رایگشتی عێراقی و فەزحكردنی ساختەچیەكان، دوای جوڵە پەرلەمانی و سیاسی‌و دبلۆماسییەكان بەئاراستەی ئیدانەی ساختەكارییەكان، دوای خستنە روی دەیان بەڵگەی حاشاهەڵنەگر بۆ تەزویر، دوای ئەوەی دەركەوت دەنگ فرۆشراوەو هەن دەنگەكانیان كڕیوە ، دوای ئەوەی لیست و قەوارە سیاسسییەكانی سودمەند لە ساختەكاری خەریكن باوەش دەكەن بەیەكدا ، دووور نییە فشارەكان بەئامانج بگەن".

ئەو پەرلەمانتارە ئاماژەی بۆ ئەوەکردووە دەسەڵاتی دادوەری دەكرێت رۆڵ بگێرێت و دەڵێت"چاوەڕوانی واقعی من ئەوەیە، كە ژماردنەوە و جیاكردنەوەی بەدەست بكرێتە بڕیارو بسەپێنرێت بەسەر كۆمسێۆندا بریارێك، كە كۆمسیۆن نایانەوێت ئەنجامی بدەن، چونكە دەزانن فەزاحەتەكە هەمووی كەشف دەبێت".

هەروەها دەڵێت "هەن دەڵێن ژماردەنەوە بە دەست سودی نییە ئێستا ناو سندوقەكانیشیان گۆڕیوە، ئەوە بەنسبەتێك راستە، بەڵام لە زۆر جێگا نەتوانراوە دەسكاری سندوقەكان بكرێن و كاتێك لەجێگەیەك نەتیجەكان پێچەوانە دەبنەوە كاریگەری دەبێت لەسەر كۆی پرۆسەكە".

پەرلەمانتارەكە جەختیكردووەتەوە، كە بەهیوایە "ئەو زوڵمە سەرنەگرێت‌و لەرابردووشدا ئەوەی پێمان كرابێت كردومانە و دەیكەین، كە هیچ گومانێكم نییە كە لە كۆتایدا هەر راستی سەردەكەوێت ، هێندە هەیە پشودرێژی و ئومێد و بەردەوامی دەوێت".

رۆژی 12ی ئەم مانگە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەرێوەچوو، كە بەشێكی زۆر لەلایەنەكان، بەتایبەتی لایەنەكانی هەرێم باس لەوە دەكەن، "ساختەكاری" لەهەڵبژاردنەكە كراوە.



AM:10:47:25/05/2018