فوئاد مەعسوم داوا لە لایەنەکان و کۆمسیۆن دەکات پابەندی دەستوربن

فوئاد مەعسوم سەرۆک کۆماری عێراق داوا لە سەرجەم لایەنەکان و کۆمسیۆن دەکات "پابەندی تەواوی حوکمەکانی دەستور و قانونە پەیڕەوکراوەکانی تایبەت بە پرۆسەی هەڵبژاردن بن".

بەپێی بەیاننامەیەکی سەرۆکایەتی کۆماری عێراق کە تایبەتە بە گۆڕانکارییەکانی ئەم دواییەی تایبەت بە هەڵبژاردنی پەرلەمان، "فوئاد مەعسوم بە بایەخێکی زۆرەوە و لە نزیکەوە بەدواداچون دەکات بۆ گۆڕانکاریی و پێشهاتەکان دەربارەی پرۆسەی ڕاگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردنی خولی چوارەمی ئەنجومەنی نوێنەران کە لە ٢٠١٨/٥/١٢ بەڕێوەچوو".

هاوکات داوا لە هەموو دەستە و لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکات بە کۆمسیاری باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنیشەوە پابەندی تەواوی حوکمەکانی دەستور و قانونە پەیڕەوکراوەکانی تایبەت بەم مەسەلەیە ببن.

هەروەها دووپاتیشی دەکاتەوە کە پێویستە ڕێوشوێنە ئوسوڵییەکان بگیرێتەبەر کە یاسا و ڕێساکان دایانناوە و کێشاویانە سەبارەت بە پیاداچوونەوە بە تانە و ناڕەزاییەکان و هەموو بابەتەکانی پەیوەندیدار و پەیوەست بە هەڵبژاردنەکە.

ڕۆژی ١٢ی ئەم مانگە، هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەچوو بەڵام ڕاگەیاندنی ئەنجامەکانی ناڕەزایی بەشێک لە لایەنەکانی لێکەوتەوە، دوێنێش پەرلەمانی عێراق کۆبووەوە و بڕیاریدا بە دووبارە ژماردنەوەی ١٠%ی دەنگەکانی پارێزگاکان.



PM:03:58:29/05/2018