یەکگرتوو: سەرۆك كۆمار بەرگری لە ساختەكاریەكانی یەكێتی و پارتی دەكات

بەرپرسی مەڵبەندی یەكی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان لە سلێمانی دەڵێت " سەرۆک کۆماربەرگری لە ساختەكاری هەڵبژاردنەكان كرد".

عوسمان كاروانی بەرپرسی مەڵبەندی یەكی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان لە سلێمانی ڕایگەیاند:" لە رابردوودا یەكێتی و پارتی لە بەغدا خاوەنی چەند پۆستێكی باڵا بوون، وەك وەزیری دەرەوە و پۆستی سەرۆك كۆمار و جێگری سەرۆك وەزیران، بەڵام لە ڕابردوو ئەم پۆستانە هیچ سودێكیان بۆ بەرژەوەندی كورد پێشكەش نەكردووە " .

ئەو بەرپرسەی یەكگرتووی ئیسلامی وتیشی:" پۆستی سەرۆك كۆمار بۆ بەرژەوەندی كەسی بەكارهاتووە، ئێستاش بەرگری لە ساختەكاری هەڵبژاردنەكان دەكات و لەسەر ئەم بابەتە دێتە دەنگە، لە كاتێكدا پێشتر لەسەر پرسی زۆر گرنگ نەهاتە دەنگ وەك بڕینی بودجە و لەدەستچوونی لە 50% ی خاكی كوردستان ، بەڵام ئێستا بۆ بەرگری لە ساختەكاری یەكێتی و پارتی هاتووتە دەنگ " .

 كاروانی لە بارەی هەڵویستی یەكێتی و پارتی ئاماژەی بۆ ئەوە كرد:" ئەم دوو لایەنە لە كۆبوونەوەكان لەگەڵ لایەنە سیاسیەكان قسەیەك دەكەن و لە دەرەوەش كار لەسەر پیلانگێری دەكەن دژی ئەو لایەنە سیاسیانەی دیكەی كوردستان، پەیوەندی نێوان ئەم دوو حزبەش لەگەڵ لایەنە سیاسیەكانی دیكە متمانەی خۆی لەدەستداوە ، لە هەمان كاتدا كاری یەكێتی و پارتی لە ئێستادا خزمەتی كورد و پڕۆژەی ئەم گەلە ناكات".

دوێنێ سەرۆک کۆماری عێراق د.فواد مەعوسم لە روونکردنەوەیەکدا پشتگیری لە کۆمسیۆنی بالآی هەڵبژاردنەکان کرد، ژمارەیەکی بەرچاو لە حیزبەکان ئەو هەڵوێستەی سەرۆک کۆمار بەدەرچوون لە دەستوری عێراقی و بیلآیەنی ناوزەد دەکەن.



PM:08:58:31/05/2018