ژمارەیەک پەرلەمانتاری کوردستان بەپەلە داوای دانیشتنێکی نائاسایی لە پەرلەمان دەکەن

ژمارەیەک لەپەرلەمانتارانی کوردستان داوا لە دەسەڵاتدارانی هەرێم و حکومەتی فیدراڵی عیراق دەکەن، کە رێگری بکەن لە هەنگاوەکانی سنور بەزاندنی سوپای تورکیا بۆ ناو خاکی هەرێم.

لە راگەیەندراوێکدا کە وێنەیەکی بۆ"سپی" نێردراوە، ١٣ پەرلەمانتار لە پەرلەمانی کوردستان رایدەگەیەنن، "لە ساڵانی رابردووداو تا ئەم ساتەوەختە چەندین جار نوێنەرانی گەل لەپەرلەمانی کوردستان بانگەوازمان ئاراستەی دەسەڵاتدارانی هەرێم لە پەرلەمان و حکومەت و حزبە حوکمڕانەکان و دەسەڵاتی حکومەتی فیدراڵی عیراق کردوە، کە رێگری بکەن لە هەنگاوەکانی سنور بەزاندنی سوپای تورکیا بۆ ناو خاکی هەرێم. بەڵام بەدەنگەوە هاتن نەبووە".

دەشلێن،"لە رێگەی ئەم راگەیەنراوەوە ئەم مەترسیە بۆ سەر ئاسایشی هەموو خاک و خەڵکی کوردستان رادەگەیەنین، پێویستە هەموو لایەک هەڵوێستی جدی و راشکاویان هەبێ بۆ قبوڵنەکردنی ئەم ستەم و داگیرکاریەو، دەرکردنی سوپای بێگانە لەخاکی هەرێم و بێنە دەنگ بەرامبەر پێشێلکردنی یاسا ناوخۆیی و نێودەوڵەتیەکان".

دەقی راگەیەنراوەکە...
راگەیەنراوێک لەپەرلەمانتارانی کوردستانەوە
سەبارەت بە لەشکرکێشی تورکیا

لە ساڵانی رابردووداو تا ئەم ساتەوەختە چەندین جار نوێنەرانی گەل لەپەرلەمانی کوردستان بانگەوازمان ئاراستەی دەسەڵاتدارانی هەرێم لە پەرلەمان و حکومەت و حزبە حوکمڕانەکان و دەسەڵاتی حکومەتی فیدراڵی عیراق کردوە، کە رێگری بکەن لە هەنگاوەکانی سنور بەزاندنی سوپای تورکیا بۆ ناو خاکی هەرێم. بەڵام بەدەنگەوە هاتن نەبووەو، دەوڵەتی تورکیاش قۆناغ لەدوای قۆناغ پێگەی خۆی لەناو قوڵایی خاکی کوردستان لە دانانی چەندنی سەربازگەو مۆڵگەو جەندرمە خانە قایمتر دەکات. تا گەیشتۆتە ئەو ئاستەی جەندرمەی تورکیا لەگوندەکانی پارێزگای هەولێر مانۆڕو نمایشی سەربازی دەکەن، وەک ئەوەی ئەوان خاوەن ماڵ بن!.

لە رێگەی ئەم راگەیەنراوەوە ئەم مەترسیە بۆ سەر ئاسایشی هەموو خاک و خەڵکی کوردستان رادەگەیەنین. پێویستە هەموو لایەک هەڵوێستی جدی و راشکاویان هەبێ بۆ قبوڵنەکردنی ئەم ستەم و داگیرکاریەو دەرکردنی سوپای بێگانە لەخاکی هەرێم و بێنە دەنگ بەرامبەر پێشێلکردنی یاسا ناوخۆیی و نێودەوڵەتیەکان.

پێویستە لایەنە سیاسیەکان بە راشکاوی دژی سیاسەتی تورکیا بوەستنەوەو سەربەخۆیی ئیرادەی خۆیان بپارێزن و نەکەونە داوی مەرامی داگیرکەرانی کوردستانەوە.

داواکارین و پێویستە پەرلەمانی کوردستان بەخێرایی دانیشتنی نائاسایی بکات و بانگەوازی دونیا بکا بۆ بەهاناوە هاتنی کوردستان و حکومەت و لایەنەکانی کوردستانیش رابسپێرێ بە راپەڕاندنی ئەرکی پارێزگاری لە کوردستان.

بەتایبەتیش جێبەجێکردنی بڕیاری ژمارە (۳۷) ساڵی ۲٠٠۳ کە تایبەتە بە گەڕاندنەوەی سوپای تورکیا لەناو خاکی کوردستان.

لەساڵانی رابردوو چەندین جار وڵاتی تورکیاو ئێران بەبیانوی نا لۆژیکی ئاسمان و زەمینی کوردستانیان بەزاندوەو خەڵکی سڤیلیان کردۆتە ئامانج و گوندنشینانیان دەربەدەرکردوە.

بانگەواز بۆ حکومەت و پەرلەمانی ئیتحادی و هەرێم دەکەین مەسئولیەتی سەرشانیان راپەڕێنن بۆ ناچارکردنی تورکیا لە چۆڵکردنی ئەو ناوچانەی بۆی هاتوون.

داوا لە کونسوڵخانەی وڵاتان لەهەولێرو نەتەوە یەکگرتوەکان دەکەین رۆڵیان هەبێ لە پارێزگاریی کوردستان.

 ئەوەی رووی داوە لە رابردوودا داگیرکاریەکی شاراوە بوەو، ئەوەی ئێستا روو دەدات لەمانۆڕی سەربازی تورکیا  دەستپێکی راگەیاندنی داگیرکاریی ئاشکرای هەرێمی کوردستانە. لێدانە لە ئیرادەی زیندووی گەل کە قبوڵی داگیرکاری ناکات. بەداخەوە ئیرادەی سیاسی و حوکمڕانی کوردستان چاوپۆشی کردوەو دەیکات لەو زوڵم و داگیرکاریە، پێویستە گەلەکەمان وشیاتربێ و بەهەموو میکانیزمێکی خەباتی مەدەنی و چالاکی سیاسی لەناوەوەو دەرەوەی کوردستان دژی ئەم پێشێلکاریانەی دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر باشوری کوردستان بوەستنەوە.

کۆمەڵێک لەپەرلەمانتارانی کوردستان
۱/٦/۲٠۱۸
۱_ سالار مەحمود
۲_ عەلی حمەساڵح
۳_ ئەبو کاروان
٤_ گەشە دارا حەفید
٥_ بێستون فایەق
٦_ نەجیبە شێخ لەتیف
۷_عومەر عینایەت حمەسعید
۸_ بەهار عەبدولرەحمان
۹_ د رێواز فایەق حسێن
۱٠_ د شێرکۆ حمەئەمین
۱۱_ ئەبوبەکر هەڵەدنی
۱۲_ شکریە ئیسماعیل مستەفا
۱۳_ عەبدولرەحمان عەلی

PM:01:48:02/06/2018