پارتی هەڵوێستی بەرامبەر هەمواری یاسای هەڵبژاردنی عێراق ڕاگەیاند

پەرلەمانتارێكی فراكسیۆنی پارتی دایگەیاند رێوشوێنەكانی ئەنجوومەنی نوێنەران سەبارەت بە كۆمسیۆن و ئەنجامی هەڵبژاردنەكان پێچەوانەی دەستوورن و دەڵێت "دەستێکی سیاسی لەپشت کۆکردنەوەی ئەو ژمارەیەی پەرلەمانتارانەوە بووە".

شاخەوان عەبدولا، ئەندامی فراكسیۆنی پارتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە لێدوانێكیدا بۆ میدیای حزبەكەی رایگەیاند رێوشوێنەكانی ئەمڕۆی ئەنجومەنی نوێنەران پێچەوانەی یاساو دەستوور بوون، چونكە ئەنجومەنی نوێنەران دەسەڵاتی لێپرسینەوەی هەیە لە كۆمسیۆن، ئەویش دەبێت هەمان ئەو رێكارانەی تێدا بگیرێتەبەر كە لەكاتی لێپرسینەوە لە وەزیر جێبەجێدەكرێن.

وتیشی، بەپێی یاسا دەبێت ئەو گومانانەی كە لەسەر كاری كۆمسیۆن هەن بە نووسراو ئاڕاستەیان بكرێن و ئەوانیش وەڵام بدەنەوەو دواتر پەرلەمان دەنگ لەسەر وەڵامەكانیان دەدات، بە قبوڵكردن یاخود رەتكردنەوەو داوای متمانەلێسەندنەوەیان.

شاخەوان عەبدوڵا جەختیشیكرەوە كە بەپێی یاسا دەبێت تانەكانی ئەنجامی هەڵبژاردن ئاڕاستەی كۆمسیۆن بكرێن و ئەگەر لایەنەكانیش بەوە قایل نەبوون، دەستەیەكی دادوەریی لەنێو كۆمسیۆندا هەیە كە ئەوان ئەو پرسانە یەكلا دەكەنەوە.

لەبەشێكی دیكەی لێدوانەكەیدا پەرلەمانتارەكە راشیگەیاند كە دەستێكی سیاسیی لەپشت كۆكردنەوەی ئەو ژمارەیەی پەرلەمانتارانەوە هەبووە، چونكە ماوەی ساڵێكە، ئەو ژمارەیەی پەرلەمانتاران لە دانیشتنەكانی ئەنجومەنی نوێنەراندا ئامادەنەبوون.



AM:09:13:07/06/2018