پارتی و یەکێتی بە هاوپەیمانی سائیرون و فەتح گەشبینن

پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا ڕایانگەیاند، هاوپەیمانی سائیرون و فەتح ئەرێنییە و سەرەتای نەخشەڕێگایەکی سیاسی باشە.

لە بەیاننامەیەکدا پارتی و یەکێتی بۆچوونی هاوبەشیان لەسەر هاوپەیمانێتییەکە دەربڕیوە و دەڵێن "بەهیمەتی دڵسۆزان بۆ دەربازكردنی وڵات، لە تەنگەژەی سیاسی، هەوڵێك بۆ هاوپەیمانی (سائیرون و فەتح) راگەیەندرا، مەكتەبی سیاسی ی.ن.ك و پ.د.ك ئەو هەنگاوە بە ئەرێنی دەزانین و پێمان وایە، سەرەتای نەخشە رێگایەكی سیاسی و هاوپەیمانی باشە، لەپێناوی دەربازبوون لەم دۆخە بنبەستە سیاسییە".

دەشڵێن، هەردوولایان هەڵوێستی هاوبەشیان گەڵاڵە دەكەن و بەزووترین كات وەفدی هاوبەش بۆ دانوستان پێكدێنن.

ڕاشیانگەیاندووە "ئومێدەوارین سەرجەم لایەنە كوردستانی و عیراقییەكان، خاڵە هاوبەشەكان بەسەر خاڵە ناكۆكەكاندا زاڵ بكەین و پێكەوە بەرپرسیارێتی حكومەتێكی سازاوی نیشتمانی بۆ راپەراندنی ئەركە هاوبەشەكان پێكبهێنین و یەكڕیزی نیشتمانی بپارێزین".



AM:09:34:13/06/2018