کۆسرەت رەسوڵ داوا دەکات کاندیدی کورد بۆ پۆستی سەرۆکی عێراق د. بەرهەم ساڵح بێت

کۆسرەت رەسوڵ کە ئێستا بەگەشتێک لەدەرەوەی ولآتە، پێش سەردانەکەی بۆ دەرەوەی ولآت، مەسعود بارزانی دەبینێت و داوای لێدەکات کە پشتگیری د. بەرهەم ساڵح بکەن بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق.

سەرچاوەیەکی سیاسی ئاگادار بە سپی راگەیاند " کۆسرەت رەسوڵ پێش سەردانەکەی بۆ دەرەوەی ولآت کە چەند رۆژێک دەبێت ئەو سەفەرەی کردووە، سەردانی مەسعود بارزانی کردووەو پێشنیاری کردووە کە کاندیدی کورد بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق بەرهەم ساڵح بێت".

تا ئێستا لەسەرچاوەیەکی پارتی، یان سەربەخۆوە نەزانراوە رای پارتی و بارزانی چی بووە، هەرچەندە هەندێک سەرچاوەی نافەرمی یەکێتی ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن کە بارزانی بەکۆسرەت رەسوڵ راگەیاندووە کە ئەو یەکێتی بەلاوە گرنگە.

ئەو پێشنیارەی کۆسرەت رەسوڵ لە کاتێکدایە کە تا ئێستا سەرباری ئەوە بەرهەم ساڵح لە یەکێتی هاتۆتە دەرەوەو هاوپەیمانی بۆ دیموکراسی و دادوەری پێکهێناوە، بەلآم تا ئێتستا کۆسرەت رەسوڵ پەیوەندیەکی باشی لەگەڵ بەرهەم ساڵح دا هەیە. 

لەنێو یەکێتیدا ئەو گروپە بالآدەستەی مکوری لەسەر نەدانی ئەو پۆستە بە بەرهەم ساڵح دەکات، بنەماڵەی تاڵەبانی و لەپێش هەمووشیانەوە هیرۆ ئیبراهیم ئەحمەد، لەدەرەوەی ئەو بنەماڵەیەش مەلا بەختیار بەرپرسی دەستەی کارگێری دژایەتی پێدانی ئەو پۆستە دەکەن بە بەرهەم ساڵح، بەلآم لەناو سەرکردایەتی یەکێتیدا پاشماوەیەکی بەرهەم ساڵح هەیە کە هاوڕان لەگەڵ کۆسرەت رەسوڵ جێگری سکرتێری گشتی یەکێتیدا.

ئەوە لە کاتێکدایە کە پرۆسەی سیاسی لەدوای هەڵبژاردنەکاندا ل عێراق راوەستاوەو نازانرێت ئاراستەی رووداوەکان بەرەو کوێ دەڕوات، لە کوردستانیش پێنجی لایەنی کوردستانی، پارتی و یەکێتی بە تزویرو ساخەکاری هەلبژاردن تۆمەتبار دەکەن. 
 



PM:03:15:20/06/2018