کاتی دەوامی فەرمانگەکان گۆڕانکاری بەسەردا دێت

ئیدارەی ڕاپەڕین نوسراوێکی ئاراستەی سەرجەم بەڕێوەبەرایەتی و قائیمقایمەتەکانی سنوری ئیدارەی ڕاپەڕین کردووە بەمەبەستی ئاسایی کردنەوەی دەوام لەسنورەکەیان، ئەم نوسراوەش تەواوی فەرمانبەرانی نیگەران کردووە، داوا دەکەن سەرەتا پاشەکەوت لاببڕێت پاشان دەوام ئاسایی بکرێتەوە.

بەگوێرەی نوسراوێک کە رۆژی چوارشەممە 20ی حوزەیران بە ژمارە  بەژمارە 740 ئاراستەی سەرجەم بەڕێوەبەرایەتی و قائیمقایمەتەکانی سنوری ئیدارەی ڕاپەڕین کراوەو وێنەیەکی دەست "سپی" کەوتووە تیایدا هاتووە، "لەبەر بەرژەوەندی گشتی و باشتر ڕاپەڕاندنی ئیش وکاری هاوڵاتیان، دوای باشتربونی باروودوخی دارایی و موچەی فەرمانبەران، بڕیارماندا بەئاسایی کردنەوەی دەوامی فەرمانبەران لەسەرجەم بەڕێوەبەرایەتی وفەرمانگەکانی سنوری ئیدارەی ڕاپەڕین".

لە نوسراوەکەدا هاتووە، "ڵەبەرواری دەرچوونی ئەم گشتاندنەوە بەهیچ شێوەیەک ناکرێت فەرمانبەر چەند ڕۆژێک دەوام بکات لەهەفتەیەک دا و، نابێت هیچ فەرمانگەیەکیش هیچ ڕۆژێکی هەفتە دەوامی تێدا ڕابگیرێت".

فەرمانبەرێک کەنەویست ناوی ئاشکرابکرێت بە(سپی)ی ڕاگەیاند، "زۆربەی فەرمانگەکانی گەنجینەی راپەرین و باجی دەرامەت و باجی خانوبەرەی راپەرین و تۆمارکردنی خانوبەرەی راپەرین و بانکی رەشید لقی رانیەو چەندین فەرمانگەو بەرێوەبەرایەتی تر، پابەند نەبوونی خۆیان بەبریاری زیادکردنی دەوامی فەرمانگەکان راگەیاندوە، کەسەرپەرشتیاری ئیدارەی راپەڕین بەکتابی فەرمی ئاگاداری کردوونەوە بەوەی دەبێت ھەموو رۆژەکانی ھەفتە فەوام بکەن ئەگینا خۆیان بەرپرسیارن".

وتیشی، "رەتکردنەوەی ئەم رێنماییەش لەلایەن کارمەندانی حکومەت بۆئەوە دەگەرێتەوە، تاکوئێشتا دلنیایی تەواو نەدراوە بەفەرمانبەران، کە ئایا مووچەکەیان وەک سالی پێش پاشەکەوتی لێدێتەوە یان نا،چونکە ئێمە ئێستا لەمانگی حەوت نزیک دەبینەوە ھێشتا مووچەی سێ مانگمان وەرگرتووە لەسالی ٢٠١٨ دا، وێرای پاشەکەوت کردنی مووچەی چەند مانگی سالانی ٢٠١٤ و ٢٠١٥  و ٢٠١٦ و٢٠١٧ ".

جێی ئاماژەیە ماوەی چەند ساڵێکە بەهۆی قەیرانی دارایی هەرێم ودواکەوتنی موچە و سیستمی پاشەکەوتی موچەوە، دوامی فەرمانبەران لە فەرمانگە حکومەییەکان لە هەفتەیەکدا لە کرایە دوو رۆژ، بەڵام لە ئێستادا بە هۆی کەمکردنەوە رێژەی پاشەکەوتی موچە بڕیارە دەوامی فەرمانگەکان ئاسایی بکرێتەوە.

ئەمیر حەسەن


PM:04:53:21/06/2018