نەتەوە یەکگرتووەکان داوا لە لایەن سیاسیەکان دەکات رێز لەیاسا بگرن

یونامی داوا لەسەرجەم لایەنە سیاسییەکانی عێراق دەکات ڕێزی یاسا بگرن، و پابەندبن بەوەی ھەموو ناکۆکییەکانی پرۆسەی ھەڵبژاردن بە ئاشتیانە چارەسەر بکەن .

نێردەی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ھاریکاریی عێراق ( یونامی) ئەمڕۆ لە بەیاننامەیەکدا ئامادەیی خۆی دووپاتکردووەتەوە بۆ فەراھەمکردنی پاڵپشتی و ھاوکاری و ئامۆژگاریی بە دامەزراوەکانی بەڕێوەبردنی ھەڵبژاردنەکان. 

لە بەیاننامەکەدا هاتووە " داواشی لە سەرجەم  لایەنە سیاسییەکانی عێراق و لایەنگرانیان کردووە کە "ڕێزی یاسا بگرن، و پابەندبن بەوەی ھەموو ناکۆکییەکانی پرۆسەی ھەڵبژاردن بە ئاشتیانە چارەسەر بکەن و لەڕێگای میکانیزمە یاساییە گونجاوەکانەوە سکاڵای پشتڕاستکراوەی خۆیان بە بەڵگەی پێویست یەکلایی بکەنەوە، ئەوەش وەکو پشتیوانییەک لە پرۆسەی ھەڵبژاردن و سیاسی و دیموکراسی لە عێراقدا. "
ھەروەھا ئامادەیی خۆی پیشانداوە بەوەی لەسەر داوای ئەو نۆ دادوەرەی لەجێگای ئەنجومەنی کۆمسیاران دانراون،   لە چوارچێوەی ئەرکەکانی خۆیدا ھاوکاری زیاتری ئەنجومەنی دادوەران بکات. 

لە بەشێکی بەیاننامەکەدا ھاتووە" بەڕێز یان کۆبیش، نێردەی تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ عێراق، دڵنیایە کە ئەنجومەنی دادوەران دەبنە نموونە لە بژاردنەوەی دەنگەکاندا ھەتا ئەو ئاستەی لێیان چاوەڕوان دەکرێت و ھەروەھا بەشێوەیەکی تەواو شەفاف، کە متمانەی گشتی زیادبکات بە پرۆسەی ھەڵبژاردن، و یەکگرتوویی پرۆسەکەبەھێزتربکات،  و دادپەروەریی لە پرۆسەی ھەڵبژاردندا بھێنێتەئاراوە و بەشداری بکات لە ڕەوایەتی ئەنجامی ھەڵبژاردنەکاندا."

یونامی ڕونیشیکردووەتەوە کە ئەوەش پشتڕاستکردنەوەی ئەنجامە کۆتاییەکان خێراتر دەکات و ئەوەش دەبێتەھۆی ئەوەی بەخێرایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەستبەرکاربێت و حکومەتی داھاتووی عێراق دروستبکرێت. 



PM:11:44:21/06/2018