پەرلەمانتارێکی پارتی پەیامێکی بەپەلە ئاڕاستەی لایەنە سیاسیەکان دەکات

په‌رله‌مانتارێكی كورد له‌ ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق په‌یامێك ئاراسته‌ی پارت و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان ده‌كات و هۆشداری ده‌دات له‌باره‌ی سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ی داعش و مه‌ترسییه‌كانی ئه‌و گرووپه‌ تیرۆریستییه‌ له‌ كه‌ركووك و ناوچه‌ كوردستانییه‌كانی دیكه‌.

شاخه‌وان عه‌بدوڵا، په‌رله‌مانتاری عێراق له‌ فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان په‌یامێكی بڵاوكردووه‌ته‌وه‌ و نووسیویه‌تی"حزب و لایەنە سیاسییەکان جەماوەری بەشەرەفی کوردستان ئەمشەو بۆ چەندەمین جار لە ماوەی دوو مانگی رابردوو دیسان داعش هێرشی هێناوە بۆ سەر دانشتوانی گوندەکانی هەفتەغار لە باشوری داقوق بەو هۆیەشەوە تا ئێستا شەهیدێک بەناوی کازم حسێن و دوو بریندار هەیە ،ئەمە لەکاتێکدایە کە لەماوەی رابردوو چەندین هێرشی هاوشێوە بۆ سەر ناوچەی کاکەی و تاڵەبانی و داودە لەسنوری داقوق لە لایەن داعش ئەنجام دراوە".

ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌ش كردووه‌ كه‌ به‌هۆی ئه‌و هێرشانه‌ی داعشه‌وه‌ ته‌نیا لە ماوەی 2 هەفتە زیاتر لە 200 ماڵی کورد ناوچەکەیان چۆڵ کردووه‌ و هەزاران خێزانی کورد لە ژێر هەرەشەی داعشن و بۆنی پلانێکی مەترسیدار دەکرێت بۆ چۆڵکردنی ناوچەکە لە گوندنشینانی کورد".

شاخه‌وان عه‌بدوڵڵا ده‌شڵێ"حکومەتی عێراقیش هاوکاری تیرۆریستانە لەوبارەوە بە داماڵینی گوندە کورد نشینەکان لە چەک بۆ ئەوەی نەتوانن بەرگری لە خۆیان بکەن ، لێرەوە وێرای نیگەرانیم لە بێ دەنگی و بێ هەڵوێستی حزبە کوردستانییەکان لە ماوەی رابردوو ، لەهەمان کاتدا داوای دەست بەجێ کۆبونەوەی پارتە کوردستانییەکان و بڕیاری خۆپیشاندان و هەڵوێست وەرگرتنیان لێدەکەم لەسەر ئەو دۆخە نائاساییەی سەپێنراوە بەسەر ناوچەکە ، بێدەنگی و بێهەڵوێستیتان دەتانخاتە بەردەم بەرپرسیارێتییەکی گەورە و مێژووییەوە ".



AM:09:04:26/06/2018