بەڕێوەبەری پەروەردەی سلێمانی وەڵامی وەزارەت دەداتەوە

بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی بەڵگەیەك لەبارەی ئەنجامی تاقیكردنەوەكانی پۆلی 12ی ئامادەیی هەرێمی كوردستان بڵاودەكاتەوە و رایدەگەیەنێت "لەسەر ئاستی زانستی تەنیا یەك خوێندكار لەخوێندنگەیەكی سلێمانی یەكەم بووە".

دڵشاد عومەر، بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی وتی "لەسەر ئاستی زانستی تەنیا یەك خوێندكار لەخوێندنگەیەكی سلێمانی یەكەم بووە، بەڵام دووەمی هەولێر بەیەكەم خوێندراوەتەوە، بۆیە داوای روونكردنەوەمان لەوەزارەتی پەروەردە كردووەو هیوادارین هەڵەی خوێندنەوە بێت، نەك ریكلام و ناوچەگەرێتی".

بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی،  ئاماژە بەوە دەكات "دوای ئەوەی ئەنجامەكان راگەیەنرا، راستەوخۆ لەكۆنتڕۆڵەوە كە نوێنەری پەروەردەی سلێمانی لەوێ هەیە، پێمانڕاگەیەنرا كە یەكەمی پۆلی ١٢ـی ئامادەیی بەشی زانستی، یەك خوێندكارە و ئەویش لەپارێزگای سلێمانی-یە".

دڵشاد عومەر وتیشی"لەسەر ئاستی زانستی یەك خوێندكار یەكەمی هەرێم بووە، ئەویش لە پارێزگای سلێمانی-یەو كۆنمرەی 99,14ـی بەدەستهێناوە، بەڵام دووەمی سەرئاستی هەرێم كە لە پارێزگای هەولێرە، بە یەكەمی دووبارە خوێندنراوەتەوە، لەكاتێكدا كۆنمرەی 98,86ـی بەدەستهێناوە".



PM:02:01:29/06/2018