نرخی كارەبای مۆلیدە بۆ مانگی حوزەیران دیاریكرا

بەرێوەبەرایەتی گشتی‌  كارەبای سلێمانی نرخی كاتژمێرێك ئەمپێری كارەبای مۆلیدە ئەهلیەكانی‌ بۆ ئەم مانگە دیاریكردو هاوكات خشتەی پێدانی كارەبای مۆلیدە ئەهلییەكانیش بۆ مانگی تەمموز ئاشكرادەكات.

سیروان محەمەد، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گشتی كارەبای سلێمانی، لەراگەیەندراوێكدا كەوێنەیەكی‌ بۆ "سپی میدیا" نێردراوە، رایگەیاند: نرخی كاتژمێرێك ئەمپێری كارەبای مۆلیدە ئەهلییەكان بۆمانگی حوزەیران بە(38.5) سی و هەشت دینار و نیوە، كە تێكڕای كاركردنی مۆەلیدەكان لەنێوان (270) بۆ (300) كاتژمێر كاریان كردوە.

وتیشی:نرخی ئەمپێرێك كارەبای مۆلیدە ئەهلیەكان لە نێوان (10) هەزار و دوسەد و پەنجا بۆ (11) هەزار و پێنج سەد دینار دەبێت، بەمەش نرخی ئەمپێڕێك لە گەڕەكێك بۆ گەڕەكێكی تر لەسەر بنەمای سەعاتی كارپێكردنی مۆلیدەكان جیاوازە.

سەبارەت بە بەرنامەی كاركردنی مۆلیدەكان بۆ مانگی حەوت (تەمموز) وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گشتی كارەبای سلێمانی دەڵێت: لە مانگی تەمموزدا رۆژانە بە كارەبای نیشتمانی و مۆلیدە ئەهلیەكان كارەبای (24)كاتژمێر بۆ هاوڵاتیان دابین دەكرێت، واتە هەركاتێك كارەبای نیشتمانی كوژایەوە پێویستە مۆلیدە ئەهلیەكان كارەبا بۆ هاوڵاتیان دابین بكەن.

سیروان محەمەد وتی: لە كۆبونەوەكەدا، ئەو خاڵە دووپات كرایەوە كەپێویستە پاش كوژانەوەی كارەبای نیشتمانی (15)خولەك زیاتر بەسەر دابینكردنی كارەبای مۆلیدە تێنەپەڕێت، بەپێچەوانەوە، سەرپێچیكار رووبەرووی یاسا دەكرێتەوە.

ئاماژەی‌ بەوەشداوە كە لەبارەی‌ نرخی كارەبای یەكەكانی نیشتەجێبوون(سیتیەكان) كیلۆواتێك بە (203.5)سێ سەد و سێ دینار و نیو دیاریكراوە، بەڵام ئەگەر سیتیەكان وێستگەكانیان (11) كەیڤی بوو ئەوا (5)دینار و وێستگەكەی (33) كەیڤی بوو (10) دیناری بۆ زیاد دەكرێت.




AM:11:02:30/06/2018