گۆڕان لەجیاکردنەوەی ئەمڕۆی دەنگەکانی سلێمانی بەڕێژەیەکی بەرچاو لەپێشەوەیە.. سپی ئەنجامی جیاکردنەوەی دەنگەکانی سلێمانی بلآودەکاتەوە


ئەمڕۆ جیاکردنەوەی دەستی دەنگەکانی سلێمانی دەستیپێکرد، لە کۆی جیاکردنەوەی ٦٣ سندوقی ناوشاری سلێمانی و ناوچەکانی دەوروبەری بزووتنەوەی گۆڕان بەرێژەیەکی بەرچاو لە پێشەوەیە.

 

بەپێی ئەو زانیاریانەی دەست سپی کەوتووە لە کاتژمێر ٨ ی بەیانییەوە، تا کاتژمێر ٥ ی ئێوارە، جگە لەوەی ٢٠ سندوقی دەنگدان " قردێلەی سووری " پێوەبووە، لەبەرئەوەی کەموکوڕی لە هەژماری دەنگەکانی ناویدا هەبووە، ئەو ٢٠ سندوقە هەژمار نەکراوە، بەلآم ٦٣ سندوقی تر هەژماری دەستی بۆ کراوە.

ئەو ٦٣ سندوقەی ئەمڕۆ هەژماری بۆ کراوە، سندوقی ناوسلێمانی و عەرەبەت و سەیدسادق و دەربەدیخان و پێنجوێن و کفری و چەمچەماڵی تێدابووە. سپی زانیوویەتی لەکۆی ئەو ٦٣ سندوقە بەنزیکی بەرێژەیەکی بەرچاو دەنگەکان بزووتنەوەی گۆڕان لەپێش لیستی یەکێتی نیشتمانی کوردستانەوەیە.

بەپێی زانیارییەکانی سپی لەناو شاری سلێمانی لەو سندوقانەی کە جیاکردنەوەی دەستیان بۆ کراوە، تەنها لەیەک سندوقیش یەکێتی نیشتمانی کوردستان دەنگەکانی پێش گۆڕان نەکەوتووە، بگرە دەنگەکانی گۆڕان لەناو شاری سلێمانیدا دوو ‌هێندەی یەکێتی بووە. سپی زانیوویەتی لەهەندێک وێستگەی دەنگدانی ناو سلێمانی، دەنگی قەوارەی نەوەی نوێ پێش یەکێتی کەوتووەو لە ناوچەکانی سەر بەپارێزگاکە، گۆڕان بەرێژەیەکی کەمتر لەوەی ناو سلێمانی لەپێش یەکێتی یەوەیە .

لەو ٦٣ سندوقە ژمارەیەکی سندوقی ناوچەکانی کفری و چەمچەماڵ بووە، لەو سندوقانە بەرێژەی دەنگێکی کەم لەو دوو جێگایە یەکێتی پێش گۆڕان کەوتووە.

سپی زانیوویەتی دەنگی پارتی و نەوەی نوێ و کۆمەڵ و هاوپەیمانی و یەکگرتوو گۆڕانکاری زۆریان بەسەردا هاتووەو لە جیاکردنەوەی ئەو ٦٣ سندوقەدا بەشێوەیەکی بەرچاو دەنگی ئەو لایەنانە بەرزبوونەتەوە.

بەپێی ئەو زانیاریانەی دەست سپی کەوتووە جیاکردنەوەی دەنگدانی سلێمانی نزیکەی ١٠٥ سندوقی ماوەو ئەگەر زۆرە کە سبەی سێ شەممە جیاکردنەوەی دەستی دەنگەکان لە پارێزگای سلێمانی بەپێی ئەو نەخشەیەی کۆمسیۆن بۆی داڕشتووە، کۆتایی پێ بێت.



PM:07:22:09/07/2018