نرخی مریشک زیاتر دادەبەزێت

بەڕێوەبەری چاودێری بازرگانی سلێمانی ڕایگەیاند نرخی مریشک دابەزینی زیاتری بەخۆیەوە بینیوە و هۆکارەکەشی بەرزبوونەوەی پلەی گەرمایە.


سۆران غەفوور بەڕێوەبەری چاودێری بازرگانی سلێمانی بە ماڵپەڕی وشەی ڕاگەیاندوە ساڵانە لەگەڵ بەرزبونەوەی پلەكانی گەرما بەتایبەتی لە مانگی تەمووز كە پلەی گەرما زۆر بەرز دەبێتەوە نرخی مریشك دادەبەزێت، ئەو دابەزینەیش ماوەی مانگێك بەردەوام دەبێت تا ناوەڕاستی مانگی داهاتوو.

هەروەها ڕاشیگەیاندووە بەهۆی ئەوەی زۆربەی كێڵگەكانی پەلەوەر پێشكەوتوو نین، بۆیە ناتوانن بەرهەمەكانیان بە پێی وەرزەكان گۆڕانكاری تێدا بكەن، بە جۆرێك لە مانگەكانی رابردوو جوجكەیەکی زۆر بەرهەم هێنراوە و ئێستە بەهۆی گەرما بەهەرزان دەیانفرۆشنەوە.

وتیشی بەهۆی زۆری مریشك و دابەزینی نرخەكەی لە ناوخۆ، ئێستە مریشك رەوانەی ناوچەكانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق دەكرێت بۆ ئەوەی خاوەن كێڵگەكان زیانی زۆرتریان بەر نەکەوێت.

ئەمەش لە کاتێکدا دێت نرخی یەك كیلۆ مریشكی زیندوو لە بازاڕدا بۆ خوار دوو هەزار دینار دابەزیووە و پێدەچێت ئەو دابەزینە بەردەوام بێت.



PM:08:42:18/07/2018